چاوەکەم سەیری کە با خورشیدی حوسنت یەک نەفەس
|
دەرکەوێ بۆ عاشقی ڕووت و فەقیری بێ هەوەس
|
بۆ گوڵی گوڵزاری حوسنت بولبولی دڵ دائیمەن
|
موزتەریب حاڵ و نەخۆشە وەختە بشکێنێ قەفەس
|
بۆ بریندارانی چاوت مەرهەمی لوتفت نییە
|
گەرچی وەستاون لە دەورت موشتەکا و مولتەمەس
|
بۆ تەماشاکردنت جانا کە ڕۆحم هاتە لێو
|
ئەی سەنەم ڕۆژێ بفەرموو ئەم شەوی هیجرانە بەس
|
تەرکی عەشقت ناکرێ تەفرەم مەدە بێهوودەیە
|
تا لە دونیادا شەکەر بێ دەوری ئەو دەگرێ مەگەس
|
چاوەکەت غەزبانە فەرموو ڕۆحەکەم با پێت بڵێم
|
واز لە هەنگوین نایەنێ بێ حاسڵە پاسی مەگەس
|
سابیری دەرمانی چاوت تۆزی ڕێگەی دولبەرە
|
جانفیداکارانە ڕۆژێ دامەنی بگرە بە دەس
|