چشتی کاڵ مەخۆ زگت نەیەشێ
چشتی کاڵ مەخۆ زگت نەیەشێ | تەماعت کەم بێ و مێشکت نەپیشێ |
ئەگەر پەڕۆیەک لە خۆت دادڕی | ئەتوانی سەری تەماع ببڕی |
کە ئێشی دەرزی خۆت لا ناخۆش بێ | زامی سووژنی خەڵکت لە هۆش بێ |
ئەو دڵەی حەسەد هەڵیەقرچێنێ | تامی فەرەحی تێدا نامێنێ |
دەستبەسەر پاچی مەرەزە کرا | دوا بە دوا لیستەی فەسڵیش دەرکرا |
بژار و قونار کە ساڵە و ساڵە | قوناری باخی میر بۆ پێنج ساڵە |
مێوێ بەر بگرێ تووڵ کێشی دەکەن | ئەوی کە زڕ بێ ڕەگ کێشی دەکەن |
هەندێ باخەوان زەینی بۆ ناچێ | هەرچی هاتە پێش هەر دایدەپاچێ |
«پوی کوتاژ» قەومی پێ سەربەست ئەبێ | بە «موراتوریوم» دوژمن پەست ئەبێ |
بە هەبا هەبا ئەچووینە کایە | ئێستاکە بەڵم، بەستمی تیایە |
گزیەکی تیابوو، بەش بەشی پشکی | ئێستا سەد خۆزگە بە تەڕ و وشکی |
لەم گێرەوکێشەی بردن و هێنانە | هەموو یان سیتەی مەنسووب دانانە |
کە چوویتە سەرکار دەورەی پیاو ئەگرن | ڕۆژی سەد کەڕەت لەبەرت ئەمرن |
کە پیاو بۆ ئیش بێ و ئیش بۆ پیاو نەبێ | هیچ کارێ نابێ کە تەواو نەبێ |
وەک لە قورئانا فەرموویە خودا | دەست و پێ لێتان شایەتی ئەدا |
دەست و پێوەندی ئێستاکەیش وانە | لێکەوتی، ئەوان کەوتنە بەهانە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 569 و 183
1939/06/08
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|