چلەی زستانە بۆیە ئاوەکەی زێ ڕەنگی گۆڕاوە
چلەی زستانە بۆیە ئاوەکەی زێ ڕەنگی گۆڕاوە | بەشێکی ئاوی بارانە و بەشێکی گەیشی بەفراوە |
شەپۆڵی پڕ تەوژمی دار ئەهێنێ، شێخەڵ ئەڕمێنێ | بەمیقیاسێ کە نووسراوە ئیتر ئەم زێیە هەستاوە |
چ هەستانێ لە ئەهلی ئێرە بووەتە ڕۆژەکەی تۆفان | کەڵەک ناوێرێ خۆی دەرخا نەهەنگێکی لەبەر چاوە |
مەگەر ماسیگر ئەمجا بچنە ناو گۆم و قەراغ زەلکاو | ئەگینا ئاو ئەیانبا چەند کەسی بەو جۆرە قووت داوە |
خەتەر نووسین خراپە با نەشێوێ شارەکەی بەغدا | بڵێن شوکری خوداکەن مەنفەعەت بۆ بەسرەو و فاوە |
بەڵێ ئەم جونبوشە هەر پێشڕەوی سەیلی بەهارانە | ئەناڵێنێ ئەگرمێنێ ئەڵێی شێرێکی ناوداوە |
زەمینی دەوروپشتی سەوز و شینە هەروەکو گوڵشەن | هەڵۆ لە لووتکە شاخی بەردەمی هێند گوژمی لێداوە |
ئەگەر ئەم دێیە لێرە باربکەن هەقیانە لام چونکە | لەبۆ خانوو دەر و دیوار پڵنگێکی بەشاڵاوە |
تەدابیری حەساری مەحکەمی پێ ناوێ بێ سوودە | شەو و ڕۆژ جەیشی جەڕڕاڕی لەهەر چوار لاوە کێشاوە |
لە مەنشەء گەر دەپرسن چونکە ئاوی شاخی خۆمانە | زەرەر نادا لە عالەم بەڵکو نەفعی لێ بەجێ ماوە |
فیدات بێ گیانی شیرینم وەتەن لەو خاکە ڕەنگینە | شەتی زێ هەر بەدار و گیایەکەی باغێکی داناوە |
هەموو ئێوارە تێر سەیری بکەم هێشتا کەمە بۆ من | نەزەرگاهی تەبیعی ئاوی نیلی خستە ئەولاوە |
گەهێ سوورە وەکو دوو چاوی عاشق پڕ لە خوێناوە | گەهێ ئاڵۆزە وەک چاوی نیگاری تازە هەستاوە |
زەمانێکە لەسەر ئەم ئاوە بەزم و کەیف ئەکەم بۆ خۆم | لەمەولا زۆر ئەترسم ئەمری نەقڵم بێ لە بەغداوە |
1940/12/16
ئاڵتوون کۆپری
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|