چوارینەکانی خەییام

چوارینەکانی خەییام
by خەییام, translated by مامۆستا هەژار, edited by ڕۆمان and سۆزی
103757چوارینەکانی خەییاممامۆستا هەژارخەییام


1
تیرێژ کە بە ڕۆژ و پێل بە دەریا دریا
لەو ڕۆژەوە گوڵ پێکەنی، بولبول گریا
خوا نووسی لە چارەی رەشی ئێمەش بەشمان
ژینێکی هەژاری پڕ لە خۆزیا و بریا


2
گریا گوڵێ بۆ گوڵاو سەر ئاگر نریا
ئەم بۆن و بەرامەیەم نەبووبا بریا
نرخی هونەر و جوانییە دەیبا گەردوون
کێ پێکەنی جارێکی، هەزارجار گریا


3
بێهوودەیە بیر و خەم، دڵت خۆش کە برا
پرسیار نەکرا، بەشت درا هەرچی درا
تۆ هێشتە نەهاتوویە جیهان رۆژی بەرێ
ئەو رۆژی دەبوو بچیە دەرێ، دیاری کرا


4
بەس هەڵ بخولێ بە دەوری پیس و پاکا
تا کەنگێ بە شوێن هەموو خراپ و چاکا
گەر زەمزەمی یان دای بنێ ئاوی ژیانی
ناچاری دەبێ رۆچی بە سینەی خاکا


5
مردن چیە؟ کەس تێنەگەیی تاوێستا
تەورات و زەبوور، تا دەگەیە ئاوێستا
زۆرکەس لە ژیان دواوە زانایانە
بۆ باسی مەرگ، گێل و نەزان راوێستا


6
بیستوومە بەهەشتێ هەیە حۆری تێدا
رووباری شەرابی پاکی دەڕوا پێدا
من لێرە مەی و یارێ پەیاکەم چدەبێ؟
دەسکەوتەکە هەر یەکن، بە هەردووک رێدا


7
ئەو رۆژە خودا سانی گیانی رانا
دەیزانی بە کردەوەم خودایە و زانا
هەر خۆیەتی دایناوە هەڵە و سەرپێچیم
سووتانی جەهەندەمی لەبەرچی دانا؟!


8
گۆیا لە جەهەندەمە ئەویندار و مەست
بەم واتەیە پێکەنیم و گوستی خۆم گەست
جێی چەند کەری کوڵکنە ئەگەر وابێ بەهەشت
یان چۆڵ و بیابان و کپە، وەک لەپی دەست


9
بیرت دێ عەبای پێوە بوو جێ باری لمت؟
ئەو بیری لە دەریای پڕ و پووچانو قمت
ریشت لە دواوە هاتە دەر، بوو بە کلک
نینۆکی دەس و پێت خڕ و پڕ، بوونە سمت


10
گێژی لە خەیاڵات و گلەی بەختی ڕەشت
ڕابوێرە هەتا بە جارێ نەبڕاوە بەشت
دەس بگرە بە بەندی سەر و پەرچی جوانێک
تا هەڵنەوەشێنراوە هەموو بەندی لەشت


11
لەو کۆشک و سەرایەدا کە جەم جامی گرت
ڕێوی ترەکیوە، مامز ئارامی گرت
بارام کە هەموو ژیانی خۆی گۆڕی دەگرت
دیتت بە چجۆرێ گۆڕێ بارامی گرت؟


12
ڕێم کەوتە گوڵستانەوە لای بولبولی مەست
بە چریکەیێ پێی گوتم گەلێ راز و مەبەست
تا گوڵ نەوەریوە، تا لەشت نەبوە بە گڵ
وەک گوڵ بەدەمێ دەم بە بزە و پیاڵە بە دەست


13
مەیگێڕ دەوەرە، بە خێری چاوی کاڵت
دڵ تینووە، جەرگم ڕەشە، چەشنی خاڵت
وا تۆبە بەسەر یەکا شکا وەک پرچت
بۆم تێکە مەیەک لە ڕەنگی گوڵمی ئاڵت


14
ئەی شووشە، بنازم بە دڵی خاوێنت
تاوم بدەرێ بە ئاوی خەم تاوێنت
دەستم بەر ئەدەم لە ئارەزووی دوور و درێژ
مەیگێڕ لەوەلا دەستی من و داوێنت


15
هاتوومە جیهان، چم بە چکرد؟ تێگەی هیچ!
هەر بنج و بناوانی جیهان دەرخەی، هیچ!
رووناکی دەرم، شەرمم کە فوم لێ کەی، هیچ!
نەینۆکی دەسی جەمم، لە بەردم دەی، هیچ!


16
ئەو خوایە کە گەردوون و زەوی بەرپا کرد
ئەو ڕۆژە مەکۆی دەرد و خەمی پەیدا کرد
وەک رژد و چنۆک هەرچی بە نرخ و جوانە
هێنای بە پەلە و گورجێ دە خاکی ڕاکرد


17
ڕۆژگارێ مرۆ تیا ژیابوو، ڕابرد
ئاوێ بوو بە جۆدا چووە، بابوو ڕابرد
هەرگیز مەڵێ وا بووە، وا چخۆش نایێتەوە
گەر تاڵ و زەبوون ژیاوی، چابوو ڕابرد


18
باش ڕێگە ئەچووم یا خۆ گلابم، ڕابرد
گەر دەورە پەرێز بووم و تەبابم، ڕابرد
ترسم هەیە بۆم بێتە ژمار ڕۆژی ژمار
ئەو ڕۆژە کە بێ یار و شەرابم ڕابرد


19
لەش ناسک و لاوچاکی وەها هەن کچ و کوڕ
گوڵ دڕ کە بەرانبەری بکەی، بێکەسە دوڕ
گەردوون کە بە دانستە دەیانکا، وەک شێت
تێکیان هەڵ ئەشێلێت و دەیانکاتەوە قوڕ


20
ئەم گۆزە وەکوو من بووە دڵدار و هەژار
جارێکی دڵی خۆش بووە، سەد جار خەمبار
ئەو هەنگڵ و دەسگرەی لە ملیا دیوتە
دەستێ بووە، زۆر خراوەتە سەر ملی یار


21
پەندێکی مناڵەکەت بدە مامەی پیر!
با بازی بە خاک و گڵ نەکا، ژیری بە بیر!
بێژنگی لە دەس دەرێنە! بەس دابێژێ
کەللەی سەری پاتشاە و میر و وەزیر


22
سەرخۆش بە بە مەی، لە سەر دەراوێژە کە سەر
ئەم کورتە ژیانە، رێی خەمانی مەخە بەر
بەس گێژ و نەزان و هێڕ بە، خۆ تۆ زێڕ نی
ژێر خاک بکرێی، دووبارە بتهێنەوە دەر


23
بەس گێژ بە لە ناو پێنج و شەش و حەوت و چوار
مەی فڕکە! دەتاوێیتەوە وەک بەفری پار
نەتزانی لە کوێوە هاتگی ڕۆژی بەرێ
ناشزانی بەرەوە کوێیە بەری پاشە هەوار


24
تا کەنگێ خەریکی پێنج و چواران مەیگێڕ؟
دڵخۆشی بدە بە کۆڕی یاران مەیگێڕ
ژین کورتە، ئەوەی نایە نێ خەم دابگرین
بۆم تێکە بە یادی چاو خوماران مەیگێڕ


25
خۆ لامەدە دەی! بادەکە با بێ مەیگێڕ
بەرماڵ و جبەت گرەو لەلا بێ مەیگێڕ
گوێ بگرە لە من: هەرچی مەلا و شێخ گوتیان
دە گوێی مەگرە، لات وەکوو با بێ مەیگێڕ


26
جارێکی بە مەستی عەرەبێکی پێخواس
نەیزانی لە لۆکی هەمزە راساوە بە داس
مەی بۆیە حەرام کراوە، سا سەیری کەن
کورد بۆیە دەڵێ لە هەمزە چی داوە هەباس؟!


27
بۆ گۆزە کڕین دەچوومە لای گۆزەکەرێک
سەد گۆزە بە من پێکەنی، هەر یەک لە بەرێک
ئێمەی وەکوو خۆت ئەبەی سبەینێ خۆشت
وەک ئێمە دەبی بە گۆزە، لای بێخەبەرێک


28
ڕابوێرە بە سەربەرزی، بە نان و ئاوێک
سەر دامەنەوێنە بۆ هەموو ناپیاوێک
لەم ژینە کە هەر دەمێکە دێت و دەڕوا
مەردایەتی مەفرۆشە لە پێناو تاوێک


29
ئای خۆزگە ببایە جێگە بۆ سانەوەیەک
لەم ڕێگەیە دوورە سووڕ و پێچ‌دانەوەیەک
سەد خۆزگە لە پاش نەمان، وەکوو سەوزە گیا
بکرایە لە گڵ، هومێدی هەڵدانەوەیەک


30
خەو بەسیە ، بەیانە، هەستە چاوکاڵی شەپاڵ
گفتێکی شیرین بکە، مەزەی بادەی تاڵ
کاروانی ژیان دە‌ئاژوێ ڕوو بە نەمان
هاکا من و تۆش دەبینەوە خەون و خەیاڵ


31
ئەم ژینە کە ڕابرێ، چشیرین و چتاڵ
تووش بی بە مەرگ، چدەربەدەر بی، چلەماڵ
بێ خەم بژی! خۆش بە! پاشی مەرگی من و تۆش
بێپسانەوە دێن رۆژ و شەو و مانگ و ساڵ


32
بۆ بیری بەهەشت و ئاگری کەوتیە چاڵ
خۆشتر لە خەیاڵی شیر نە بادەی تاڵ
بەس ترس و هومێدی بێنیشان و بەڵگە
پێشینە دەڵێن: "کەس بە خەیاڵ نەبوە بە ماڵ"


33
کوا مەی؟ بڕەوێ خەم و خەیاڵ و خەوەکەم
وا روو بە مەرگ گلۆر ئەبێ ڕەوڕەوەکەم
ئەو خشتی لە خاکی لەشی من دەیپێژن
نیزیکە بچێتە چینی خانووی نەوەکەم


34
ئەو رۆژە کە مردووم و لە دنیا نابم
ئەو کاتە کە لەش تۆز و گڵی بەربابم
خاکم بکەنە گۆزەڵە بۆ مەیخانە
تا مل‌پڕی مەی بکەن، لەوانەم رابم


35
گۆزێک لە دەسم شکابوو، ئەو گریا بۆم
خەم دات نەگرێ، منیش یەکێکی وەک تۆم
زۆر جار منیش وەکوو تۆ گۆزەم دەشکاند
تۆش ڕۆژێ دەبی بە گۆزە، دەشکێی وەک خۆم


36
ئەم پیاڵە وتی کە هاتە سەر لێوانم
شا بووم و گەلێ وەک تۆ لە ژێر فەرمانم
لە خوارنەوەما دەفر و پیاڵەم زێڕ بوون
وائێستە پیاڵەم و بەسەر خۆشانم!


37
مەیگێڕ وەرە مەی ئاڵ بدە با بینۆشم
شەش‌دانگی بەهەشت بە شووشەیەک دەفرۆشم
فەرمووتە: "لە پاش مەرگ، بەرەو کوێ دەمبەن؟"
سەرخۆش کە دەڕۆم کێوە بچم دڵخۆشم


38
ئاخ خۆزگە لە مردنا بە مەی شۆراوم
ژێر سێبەری مەیخانەیەکا نێژراوم
کێ ڕۆژی قیامەتێ منی دێتەوە بیر
هیچ بۆم نەگەڕێ! لە چۆمی مەی خنکاوم


39
مەیگێڕ بگە پێم! لە بێ مەیی ماڕووتم
تووڕم بدە کووپەوە، لە دووریت سووتم
گۆڕم لە پەنا رەزان بکۆڵن رەزەوان
هەڵبەستێ لە پەلک و داری مێو تابووتم


40
چاو جوان، دەمەڕۆ، تێری دڵم بتبینم
گوڵ چینکە، لەسەر ڕوومەتی تۆ گوڵ چینم
داخم کە هەبێ لە گێژەڵووکەی مەرگە
وەک پەلکە گوڵێ هەڵدەوەرێنێ ژینم


41
دەم‌بینی کە خەمبار و کز و داماوم
وا بیر مەکەوە لە مەرگ و کەس ترساوم
مردن کە لە رێمە، هەر دەبێ، ناترسم
ژاکاوی ئەوەم بە ئارەزوو نەژیاوم


42
هەرچەندی بڵێی بە بەژن و باڵا جوانم
روومەت گوڵ و چاو کەژاڵ و لێو قەیتانم
وەستایێ کە وای لە خاک و گڵ دارژتم
نیازی لەمە چی بوو؟ بۆ چی کرد؟ نایزانم


43
هات و چوو بە بێهودە مناڵی و جوانیم
پیر بووم و بە بێ داخەکەم و خۆزیا نیم
شاگردی زەمانە بووم و زۆریش چەوسام
وەستام لە هەموو کار و لە هیچ وەستا نیم


44
بۆ هاتمە سەر زەوی و لەبەرچی چوونم؟
بەهرەی چبوو بۆ خودا نەبوون و بوونم؟
هاتووم و دەچم، بێ وە بزانم بۆ چی
پاش مردنەکەش، دوورە دەراوی ڕوونم


45
لەم بێ خەبەری خۆمە کە ساس و ماتم
بێهودە دەبوورێ دەم و سات و کاتم
من ببم و نەبم، جیهان وەکوو خۆی وایە
مەیگێڕ وەرە لێکی دەوە من بۆ هاتم؟!


46
هاتن بە دەسی خۆم نەبوو، هێنایانم
دەرچوونە دەریش چۆن و کەیە، نازانم
سەد خۆزگە نە هاتبام، نە چووبام، نە ببام
لەم گێرە و کێشەدا، ڕەحەت با گیانم


47
پاک هاتمە سەر زەوی و دەڕۆم، ناپاکم
خۆشیم کە نەدی، هەمیشە بۆی خەمناکم
سوێراوی چەمم، کڵی دڵی نێڵ داوم
ژیانیشە بە بادا چووە، تۆزێ خاکم


48
خودا داوی ئەناوە، داوی ئەو بانادەم
دەعبایەکی گرت و ناوی لێ‌نا ئادەم
ڕاوی ئەوە، داوی ئەوە، دانەش هی ئەو
دەمخاتە تەڵەوە، گەرەکیە خۆشم لادەم!


49
گیراوەتە قوڕم، خرامە قالب، خشتم
بادراوی یەکێ ترم کە خاوم، گشتم
چاتر لەوە بم کە هەم، لە دەستم نایە
خوا ڕۆژی بەرێ بەو کلە چاوی ڕشتم


50
دەسکاری خودایە، خۆم و ئاکاریشم
بۆ هەرچی دەچم، لە دەستی ئەو دا ریشم
هەچ کارێ بە دەس خۆم نیە، هەرچی دەیکەم
ئەو پێمی دەکا، هێشتە گوناه‌باریشم!


51
بە خوێندنەوە کراوە فرچک گیانم
زانستە مژیم و بۆتە ئاو و نانم
حەفتا و دوو ساڵە بیر دەکەم، دەخوێنم
وا تازە دەزانم چلە هیچ نازانم


52
زۆر کۆلکە مەلا و شێخ هەیە ڕێ دەگرن لێم
لایان هەڵەیە لە ژینی خۆشم بدوێم
خزمینە، نەزانین چبەڵایێکی زلە
هاتوومە جیهان، دەبێ نەزانم من کێم


53
ڕۆژ گەورەیە، چۆن بە تۆپە قوڕ وەیشێرم
زانام بە گەلێ نهێنی، خۆ دەبوێرم
زۆر پڕ لە گەواهیراتە دەریای بیرم
دەرخستن و شاندانی بە کەس ناوێرم


54
سەرکۆنەکەران دەڵێن کە مەستی بادەم
من گوێچکە بە وان تەوس و توانجان نادەم
سەرخۆشم و مەیخانەپەرەستم بۆ چی؟
هەر بۆیە کە خۆ لە خۆپەرەستی لادەم


55
جارجارە پەنا بە مەی دەبەم، ناچارم
خەمبارم و پێم ئەڵێن کە تاوانبارم
خۆزی وەکوو مەی، درۆ و دزیش مەستی ئەکرد
مەردێکم ئەویست کە بیگوتا وشیارم


56
چم داوە لە کفر و چم لە دین؟ من ژیرم
مەیخانە و مەیفرۆشە تەکە و پیرم
مارەت چیە؟ پرسیم لە جیهان، کەیفە گوتی
ڕووخۆشی هەواڵی تۆم و زویری؟ زویرم


57
با هەستم و چاومەست و مەیێکی جوور کەم
بەس زەردی خەمان بم و بەمەی ڕوو سوور کەم
لاوێچێ بە ڕووی هۆشی بزۆزم دادەم
با تاوێ لە خەو راچێ، لە خۆمی دوور کەم


58
چاومەستە، دەهەستە بێرە لام خونچە گوڵم
ماچم دەیە، بم‌دوێنە، مەشکێنە دڵم
لەم دەفری مەیەت کاسەیەکم بۆ تێکە
تا نەبوە بە دەفر و کاسە و گۆزە گڵم


59
مەیگێڕ، وەرە لام، چدەربەسی بەدناویم؟
پاراە کە دڵم، سیس و کزی بێ‌ئاویم
مەڕوانە کە پیرم، دەمێ سەرخۆشم کەی
پێم وایە شل و شەنگە نەمامی لاویم


60
ئەم جارە پەڵاسی شەرم و دین پارە دەکەم
ئەم دەردی هەژاریەم بە مەی چارە دەکەم
سێ بەردە دەنێمە مستی بیری پیرم
کیژی ڕەزی ڕوو سووری ترێ مارە دەکەم


61
هێشتا لە بەهەشتا دەگەڕا با بادەم
لەو ڕۆژەوە من هۆگر و مەستی بادەم
ئەو تڵتە کە پیری مەیفرۆش دەیڕێژێ
تۆزێکی بە زێڕ و گەنجی قاڕوون نادەم


62
مەیگێڕ وەرە بەرماڵ و جبەی دەفرۆشم
ڕیشم لە گرێو دەنێم و شەی دەفرۆشم
تەزبێحی دەسم کە داوی فێڵبازانە
هەرکەس دەیەوێ، بە چۆڕێ مەی دەفرۆشم


63
گیانی منە مەی، کە بێ ئەوم، بێ‌گیانم
ژانم لە دڵایە، بادەیە دەرمانم
هەر ئەو دەمە لام خۆشە کە مەیگێڕ بێژێ
هەر دوو فڕی دی، بڵێم بەسە و ناتوانم


64
مەی کووپەیەک و گۆشت و مەزە و نانی گەنم
جوانێ بە تەنێ لە چیمەنێ بێتە کنم
ماچی دەمی مەی نۆشی لە سەرخۆشی دا
وە بزانە کە مەزن و میری ئەو ناوە منم


65
مەیگێڕ، بە دوو چاوە مەستەکانت مەستم
تۆم لابی، لە دوو جیهان بە چی دەربەستم
هاواری لە پیری دەستگیرە دەروێش
من پیرم و تۆم دەوێ کە بگرێ دەستم


66
مەڕوانە پەشێو و لێو بە بارم، نە کەمم
بەرزم لە هەژاری‌یا چیای سەربەتەمم
هەرکەس لە سەرێکەوە خودا پێداوە
من خاوەنی شەش‌دانگی کوڵ و دەرد و خەمم


67
مەیخانەپەرست نەبووم و تووشت کردم
بەو پیریە بەرەو پیری ئەوینت بردم
ڕووبینی کە لێڵاوە تکا، تۆبە شکا
دینداری کە ڕەنگاوی ڕیا بوو شردم


68
کاروانە ژیان، گەرەک بە لەزبم راکەم
میوانی شەوی درێژی ئەم ژێر خاکەم
گیانم دەر ئەچوو، وتم وچانێک، فەرمووی:
"دیواری لەشت شکستە چۆن بارناکەم"


69
دڵداری چیارە؟ فێرە سەودای کردم
بڕوانە لە چاوی سوور و ڕەنگی زەردم
نرخی بزەیەک بارە لەسەر لێوانم
پارسەنگە دڵی گەرم و هەناسەی سەردم

70
کێ تا سبە دڵنیایە بۆ مان و نەمان؟!
ئەی مانگە، وەرە لە دڵ دەراوێژە خەمان
خۆش مانگەشەوە، هەلی مەیە و مەی بێنە
تا تیشکی نەداوە مانگ لە گۆڕخانەکەمان


71
دڵتەنگی هەبێ دەبێ بە مەی ژەنگی بەرین
بۆ بیری نەهات و هات چما خەم‌لەبەرین؟!
سۆزی کە مەرگ تەپڵی نەمانی لێدا
ئەمن و تۆ دەگەڵ بابەدەمێ هاوسەفەرین


72
لە نوێنی گڵا، پەکوو کە نوستوو زۆرن
بەر بیر و خەیاڵ کەمن، لەبیرچوو زۆرن
هەرچەندی کە دەڕوانمە بیابانی نەبوون
سەد هێندی ئەوانی چوون، نەهاتوو زۆرن


73
داخم، گەلێ یار و خۆشەویستان مردوون
لەش خاکی نێوان کۆمەڵی دار و پەردوون
چەشتمان لە مەیەک هەموو لە ناو کۆڕی ژیان
پێش ئیمە، بە دوو سێ پشوو مەستی کردوون


74
گۆڕخانە‌نشینان کە لە بن سەرپۆشن
خۆڕایی نیە وەها کپ و خامۆشن
ئەی خوایە، لە کام بادەیە دەرخواردت دان؟
بێهۆشن و بۆ هەتاهەتا سەرخۆشن


75
داخم ئەوی دێر هات و ئەوی کەو ناران
هاوباوەشی مەرگن و لە دنیا تاران
کەس نایەتەوە بەرەو ژیان، لێی پرسم:
لە کوێ‌یە بنە و باری هەواری یاران؟


76
گۆڕهەڵکەنی من لە هیچ و پووچ دڵخۆشن
خشتی گڵی کۆنەمردوان دەفرۆشن
ڕۆژیش دێ گڵی من و ئەوان بکرێ بە خشت
تا گۆڕی هەژارێ تری پێ داپۆشن


77
هۆ مامی هەوڕگەر، بەسە هەڵکەی دامان
ئەو خەڵکە بە تۆ پێدەکەنن، تێت رامان
هەر لاشی هەژارە و سەری شا و خونکارە
سووڕی دەدەی و دەیکەیە دەفر و ئامان


78
پێک نایە هەتا سەر لە جیهانا گیر بوون
زۆر شێتیە بێ بادە بژیم، سیس و زەبوون
دەس بەردە لە کۆن و تازە و ترس و هومێد
دنیا -کە نەمام- تازەیە یان کۆنە، بە توون


79
زۆری وەکوو مەی قەزا و قەدەر چاند و دروون
بێهودە چداگرم خەمی بوون و نەبوون؟!
پیاڵێکی پڕم لە بادە بۆ تێکە وەخۆم
هەرچی دەبوو بێ و ببێ، هەموو هاتن و بوون


80
هەڵسە، بەسە پیش خواردن و مل کز کردن
مەی تێکە، بخۆین، لە باتی خەم بۆ مردن
ئاکاری جیهان ئەگەر وەفای تێدابا
نۆرەت نەدەهات لەوانی زوو ڕابردن


81
چکراوە بەرێ؟ نە تۆ هەڵی دێنی، نە من
لەوبارە بەڕاست نە تۆی کە دەخوێنی، نە من
چی بۆی ئەگەڕێین لە پشتی پەردێکەوە
گەر پەردە نەما، نە تۆی کە دەنوێنی، نە من


82
ئەستێرە هەمووی ئەگەر درشت و وردن
ئاوان و دەڕۆن و دێنەوە و لێک گردن
لە بڕانەوە نایە هات و چۆی چوون و بوون
تا خوا هەیە، هەر دەمێنێ زان و مردن


83
ئەستێرە و مانگ و ڕۆژ لە عاسمانانن
هۆی گێچەڵ و مشت و مڕی زانایانن
چین و چدەکەن؟ کێوە دەچن؟ چۆن هاتن؟
خۆشیان وەکوو من نەزان و سەرگەردانن


84
شادی لە مەڕایە، پنجی خەم خۆمانین
هۆی زۆر و کەمی ڕەوا و ستەم خۆمانین
راستی و بەزەیی و بەرز و نزم بوون، ئێمەین
قاشوولە شکاو و جامی‌جەم خۆمانین


85
بەهرەی چوە دەست‌کەوت لە بوونمان گەردوون؟
قازانجی چدێتە ڕێ لەوانەی مردوون؟
هیچ کەس نیە لەم گێژە دەرم‌خا و بێژی
بۆ بوون و ژیان و مان و بۆ مردن و چوون؟


86
پیاوانێ بە ژیری و هونەران دڵخۆشن
تا مەزرۆ بە ماست و دۆ شن و نێردۆشن
وا باشە ئەگەر دەکرێ نەزان و گێل بن
کەس گێزەر و تووریش بە هونەر نافرۆشن


87
مانگی ڕەمەزان نزیکە، پێمان ئێژن
"مەی هەرچی هەیە، بڕێژن و مەیچێژن"
من هێندە ئەخۆمەوە لە کلکەی شابان
مەست و کەلەلا، بۆی دەکەوم تا جێژن


88
گەردوون لە سەری دایە خەیاڵێ بۆمان
هەروا دەگەڕێ بکۆڵێ چاڵێ بۆمان
ئاڵە و شەوە بیبا، چدەکا با بیکا
مەیگێڕ شەوی خۆشە، تێکە ئاڵێ بۆمان


89
خوا دەردی کە داناوە، دەواشی دانان
مەیخانە بەرانبەرن بە دەروێش دانان
گەر بادە نەبایە لەم جیهانەی پڕخەم
تاوێک نەدەمان ئەوانی زانا و دانان


90
زۆر کەس هەیە هەر دەوێژن و نایپێژن
ئەو ئێمە بە گێژ دەزانن و خۆیان گێژن
گۆیا ئەوی کووپە مەی ئەکا، دینی نیە
بۆ ئەو کەسی کوولەکەی دەکا، چی ئێژن؟!


91
هێندێک بە خەیاڵ لە دین و ئایین ژیرن
لایەک بە گومان لە بێ گومانی گیرن
سەیری دەبێ تێ‌بگەن کە هیچ تێ‌نەگەیین
کەمتر لە سەری پیاز و پەلکی سیرن


92
دەنگ‌بێژ و کچێک و گۆشەیەک پەیدا کەین
خۆشی سەر و دڵ لە ماچ و مەی داواکەین
نە هومێدی بەزەی کەس و نە ترسی دواڕۆژ
با خاکێ بە باو ئاوێ بە ئاگر دا کەین


93
خۆزگەم بە کەسێ نیشان و ناوێکی نەبوو
لە شوێن پڕ و پووچ خەیاڵی خاوێکی نەبوو
نەک وەک من و تۆ کوندە بە بو ئاسایی
چاوی لە قەڵایەک بوو کە لاوێکی نەبوو


94
گەنجت دەوێ؟ ڕەنجی دەوێ، وا هات، وا چوو
کێ گوڵ دەچنێ دڕکی لە دەستی ڕا چوو
تا شانە نەبوو لەت لەت و جەرگی پارە
کەی دەستی بە کاکۆڵی جوانێک دا چوو


95
دەروێشیەکەمان کیسەیەکی بێ بن بوو
مەیگێڕی جوان، ڕێبەر و پیری من بوو
پێم وایە لە مەیخانە دەبێ وەی‌بینم
ئەو ژینی لە سووچی فێرگە دا لێم ون بوو


96
هۆزان و بڵیمەتان و بیر ڕوون و پتەو
بۆ بوون و دەچن؟ کەس نە ئەمی زانی نە ئەو
تاریکەشەوێک گەڕان بە بێ ڕێ و گێژ بوون
ئەفسانەیەکیان ئەهۆنی، چاویان چوە خەو


97
گەردوون کە گەڕا دژی نیازی من و تۆ
عاسمان بە مە چی هەشت و حەوت بن یا نۆ؟!
بمرم کە لەشم بە من چی هەرچی دەیخوا
مێروولە لە گڵکۆ بێ، چگورگی کەژ و کۆ


98
پرسی لە مراوی ماسیەک لابرژاو
کوا تازە بڵێی بە جۆگە دا بێتەوە ئاو؟!
پێی گوت بە مە چی؟! کە ئێمە مردین دنیا
دەریا بێ، تراویلکە بێ، یان هەور و ساو


99
وا مانگە وەسەر کەوت لە سووچی ئاسۆ
مەی تێکە، بخۆینەوە، شەوێکە و ئەمشۆ
دەس باوێ ملم، مەترسە مانگ ئاوا بێ
زۆر دێتەوە سەر بدا لە گڵکۆی من و تۆ


100
هەر خۆڵێ کە دیت چزۆر، چتۆزکاڵێ بوو
کێل‌گەردن و کوڵمەسوور و چاوکاڵێ بوو
شەرمێ بکە تۆزی دەتەکێنی بەرگت
ئەو تۆزە گڵی روومەتی لێوئاڵێ بوو


101
هەر پنجە گوڵێکی سوور لە گوڵزارێ بوو
ئەو سووریە خوێنی دڵی دڵدارێ بوو
هەر پەلکە وەنەوشەیەک لە هەر دێ دەردێ
خاڵێکە لە سەر ڕوومەتی نازارێ بوو


102
شەو فێنک و دەر سەوز و وەها مانگەشەوێ
با بخۆینەوە، کوا هەلێکی دی هەڵدەکەوێ؟!
مانگ هەر دێ، بەهار دێتەوە، تەنیا ئێمەین
دەمرین و دەبینە گیا و گڵ، لێر و لەوێ


103
تا هەل هەیە، دڵخۆش بە، ژیان ڕادەبرێ
لەم خانوە ڕەشەی لەشە، گیان دەردەکرێ
ئەم کاسەسەرانەی کە دەبینی سۆزی
ژێر قاچ و قولی کاسەکەران ڕادەخرێ


104
هەر شەو بوو لە مەیخانە دەهات ئاوازێ
خۆشی لە کەسێک لە ئێمە مەی دەخوازێ
بۆ مات و کزی؟ گەلێکی وەک تۆ گەردوون
کردوونی بە تۆز و خۆڵی سەر ڕێبازێ


105
چاو جوان، نە دەمی خەوە، دە هەڵبێنە سەرێ
مەی تێکە لە کووپە، چەند قومێکم بدەرێ
هاکا قوڕی خاکی من و تۆش هەڵشێلن
بکرێینەوە کووپە مەی لە کن گۆزەکەرێ


106
پڕژاندی هەور لە دەشت و دەر بارانی
بێ مەی بی، دەمێ تامی ژیان نازانی
وا ئێمە لە سەیری سەوزەزارین داخۆ
سەوزەی گڵی ئێمە کێ بکا سەیرانی؟!


107
تای ماشەری ژین بە بێ وچان هەڵدەکرێ
زانا ئەوە دڵخۆش دەژی، بێ‌خەم دەمرێ
مەیگێڕ، خەمی چیتە بۆ سبەینێی قیامەت؟!
بۆم تێکە هەتا دەرفەتە، شەو ڕادەبرێ


108
لاوێچی لە مەی سەد دڵ و سەد دین دێنێ
هەر تاقە قومێک، مەملەکەتی چین دێنێ
چی خۆشە لە سەر زەوی، وەکوو مەی نابێ
تاڵێکە، هەزار گیانی شیرین دێنێ

109
دڵخۆشی وەدا مەی و دڵی خەم دەبڕێ
فرمێسکی ڕەزانە، ئەشکی خەمبار دەسڕێ
زۆر سەیرە لە لام کەسێکی مەی دەفرۆشێ
چی چاتری پێ دەکڕێ؟! مەگەر مەی بکڕێ!


110
گیا شینی بەهاران هەڕە تێ خونچە وەبێ
لات وایە بەهەشت ئەگەر هەبێ، وەک ئەوەبێ
مەیگێڕ، وەرە تا بەهەشتی دنیا ماوە
هەشتێکی لە مشتە بێنە، نەک نۆ بێ، نەبێ


111
زانا لە جیهان کەسێکە خەم دانەگرێ
دڵتەڕ بژی، وشکی لە دڵا ڕانەگرێ
تا سواڵەتی ژین بە بەردی مردن دەشکێ
دەستی لە ملی شووشە و یار لانەگرێ


112
چۆن تۆبە لە مەی دەکەی هەتا مەی مابێ؟!
ئەو ڕۆژە مەخۆرەوە کە پەیدا نابێ
نەخوازە بەهار و چیمەن و دیمەنی گوڵ
تۆبەی چی؟! هەزار تۆبە لە تۆبەی وا بێ!


113
بۆ ژانی دڵان، هەر مەیە دەرمانی بێ
زانا ئەوەیە تامی لە مەی زانی بێ
ئەو کۆنەپەڕۆی لێوی لە مەی پێ دەسڕن
بەرماڵی هەزار سۆفی بەقوربانی بێ


114
کاتێ لە زەوی وەنەوشە سەر دەردێنێ
سروە دەمی خونچە ماچ بکا و ڕایژێنێ
چەند خۆشە لەگەڵ خونچە دەمێ ڕایبوێری
تۆ تۆبەشکێن و ئەو دڵت نەشکێنێ


115
ئەو جوانە کە خۆم دەڵێم بە تەنیا جارێ
باوەش بە یەکا بکەین، لە دەم رووبارێ
چیمەن گوڵ و سەوزەپۆش و ئیمەش سەرخۆش
پێم وابێ بەهەشت وایە، بەڵام لێ بارێ


116
بۆم بان کەنە مەیگێڕ کە با مەی بێنێ
پیری چلەکێش بادەیە خۆی بنوێنە
سەرخۆشێ بناڵێنی لە نیوەی شەو دا
سەد نوێژی ڕیابازی مڕ و مۆچ دێنێ


117
شێخێ بە ژنێ خراپی گوت بێ‌شەرمێ
بۆ هەرچی دەست بۆ بەرێ، ساز و نەرمی
پێی گوت: "بەڵێ، من وەکوو دیارم هەر وام
تۆش داخۆ وەکوو نیشان دەدەی، دڵگەرمی؟!"


118
گەردوون کە بە زانیاری بکردا کاری
چۆن وا پڕ ئەبوو لە هیچ و پووچ و خواری
کەی راستە هەژار و لێو بە بارن زانا
بێ‌مێشک و کەریش لە زێڕە ناڵ و باری!


119
گەردوون وەکوو دێو بەراوە ژوون ئاکاری
هاواڵی نەزانە، دژی زانیاری
مەیگێڕ، وەرە هۆشم بەرە بەڵکوو جارێک
لێی تێک چێ، بەلای ئێمە بچەرخێ باری


120
هۆشم کە هەبێ، خەفەت دڵم دەردێنێ
سەرخۆش کە دەبم، هۆش لە سەرم نامێنێ
کاتێ کە نە زۆر مەست و نە زۆر وشیارم
گیانم بە فیدای ئەو دەمە، دنیا دێنێ


121
چاو جوانە، بەیانە و کەڵەشێر دەخوێنێ
بانگێکی لە مەیگێڕ بکە، با مەی بێنێ
داخۆ شنەبای بەیان، خوناوکەی باران
کەی بێنێ لە سەر گۆڕەکەمان بڕژێنێ


122
ئەو کۆشکی ملەی دەکرد دەگەڵ عاسمانێ
شاهانی دەکەوتەوە لە دەرک و بانێ
دیتم پەپووسێمانەیە لێی دەخوێنێ:
کوا بگرە و بەردە؟! بەزم و ڕەزمت کوانێ؟!


123
خەم بۆ چی لە سەر بوون و نەبوون دادەگری؟!
دواڕۆژ چیە، کەی دێ، چتە وا بۆی دەگری؟!
مەی فڕکە، مەترسێ بە قەرز، نازانی
نێوانی هەناسەیەک دەژی، یان دەمری


124
بێ‌خەم بە ژیان هەلێکە هاکا مردی
تا وێری مەرگ، گلا و لە بنیا وردی
نازانی لە کوێوە ناردرای، سا بە خودا
ناشزانی مەرگ کە مردی، بۆ بکوێی بردی


125
ناچاری ئەشێ باری مەرگ هەڵبگری
ناشێ هەموو دەم لە ترسی مردن بمری
خوێن و ڕەگ و پێستێک و دوو سێ ئێسقانێک
وەبزانە نەبوون، بۆ چیە خەم دادەگری؟!


126
وەبزانە جیهان بە ئارەزووی تۆ دەگەڕێ
ئەم چەرخ و خولەی هەمووی بە فووی تۆ دەگەڕێ
وەبزانە کە سەد ساڵی ژیای، پاشان چی؟!
مەرگێکە لە سەر ڕێگە، لە دووی تۆ دەگەڕێ


127
دنیا وەکوو خۆیەتی و مرۆ نامێنێ
تۆ تۆزی، ئەویش هەر وەکوو سۆزی و دوێنێ
ئێمەش کە نەهاتبووین وەکوو خۆی وابوو
لێشی دەر ئەچین، کەمایەسە ناهێنێ


128
ژیانت چیە؟! تا چووک و شلی، شاگردی
وەستای کە گەیشتی، پاشی پیری و مردی
پوختایی وتار لە من ببیسی باشە
تۆزێکی لە خۆڵ بەرز ببوی، با بردی


129
زانیوتە لە حەوت و چوارەوە هاتی کە بووی
گێژیت و لە بیری چوار و حەوتا ون بووی
ئاسوودە بژی، هەزار کەڕەت پێتی بڵێم
تایەیتەوە گەر مردی، ئیتر چووی، هەر چووی


130
مەی تێکە، وەخۆ، دەرفەرتە، هاکا مردی
لەم ژێر گڵە، بێ‌هەواڵ و بێ‌هاودەردی
وا پێتی ئەڵێم شتێک لە لای کەس مەیڵێ
نابێتەوە گوڵ، پەلکەگوڵێ با بردی


131
گەردوون وەکوو منداڵە، لەبەر بێکاری
خستینیە دەرێ، وەک مت و موور بۆ یاری
تاوێکی لە بەردەستی ئەوا دێین و دەچین
دەخرێینەوە سندووقی نەمان، یەکجاری


132
ڕابوێرە، دڵت خۆش کە، چما خەم‌لەبەری؟!
دەرفەت لە دەست ئەگەر نەدەی، بەختەوەری
یەک جارە کە دروایەوە، هەڵنادەیەوە
هۆشی بدەرێ، مرۆی، نە سەوزە و کەوەری


133
ئەم خەڵکە لە کارگای خودا دێتە دەرێ
هەر کاری ئەویشە، سیس دەبێ و هەڵدەوەرێ
ئەی خوایە! ئەگەر باش بوو، لە پای چی نەتهێشت؟!
گەر پووچ و چرووکە، کێ‌یە کردوویە بەرێ؟!


134
سەرخۆش دڵی نایە پیاڵەیەک بشکێنێ
هەر تۆزێ لە بار و ڕێک و پێک بنوێنێ
خوا ئەو هەموو لاشەناسک و لاوچاکە
بۆچ ڕێکی ئەخا و لە داخی کێی ئەڕزێنێ؟!


135
پرسیم و نواڕیم و گەڕام لێر و لەوێ
هیچ بەڵگە نەبوو تەمی گومانم بڕەوێ
ناژین بە خەیاڵی ئەو بەهارەی نایە
تا ماوە ژیان، بادە لە دەسمان نەکەوێ


136
گەردوون بە دزی دوێنێ لە لام درکانی
هەرچی بە سەرت دێ، لە دەس ئێمەت زانی
لەم چەرخ و خولەم دا دەسەڵاتم بوایە
خۆم ئێستە رەها دەکرد لە سەرگەردانی


137
مەیگێڕ، مەیە بەر باری خەمان، مەی با بێ
چا نابێ جیهان بە ئێمە، با دڵ چا بێ
چت دێتە بەرێ لە ڕێی ژیان، گوێ مەدەرێ
هەرگیز وەکوو ئاواتی دڵی کەس نابێ


138
چووکێک لە کەلاوەیەک لەبەر لابایێ
دەیکۆڵی بە دندووکی سەری پاشایێ
پێم وا بوو دەڵێ: "بمگرە گەر دەتوانی
بەو کەللەیە سوێند ئەخۆم، لە دەستت نایێ"


139
دیم گۆزەکەرێک قوڕی دەشێلا دوێنێ
دەنگێکم ئەبیست، باوکە کوڕی ئەدوێنێ
"ڕۆڵەم، بەزەییت بە بابی خۆت دانایە؟
مەمشێلە بە قەو، بە هێمنی پێم لێ نێ!"


140
مەیگێڕ، وەرە مەی بێنە، زەبوونی، بۆ چی؟!
با پێ‌بکەنین، داخ لە دەروونی، بۆ چی؟!
کێ پرسی بە تۆ کرد لە نەبوون و بوونا؟
بێهودە کزی بوون و نەبوونی، بۆ چی؟!


141
هەر کەس کە دەسی بە تیکەنانێ برەسێ
لا کۆخێ هەبێ، شەوانە تێی‌دا وەحەسێ
چەند خۆشە ژیانی وا، چئازادە بە دڵ
بۆ خۆی بێ، نە ئاغا بێ، نە بەردەستی کەسێ


142
ڕۆزی و تەمەنت پتر بکەی، ناتوانی
بۆ زۆر و کەمیش، پەرۆش و سەگەردانی
زۆر دەستە وسانیت و بزۆزیشی بە دەم
ئاواتی دڵت لە مێو بکەی نازانی



143
نەیخۆی و نەپۆشی، ئەدی بۆچیت کۆشی؟!
سەرقاڵی، شەو و ڕۆژ دەکڕی و دەفرۆشی
لێو تەڕ کە بە مەی، لێوی کچۆڵێک بمژە
ژێر گڵ هەر ئەبێ، پەرۆشی یان دڵخۆشی


144
بڕوات کە بە دنیایە، لە تەکما بە دەمێ
بڕوانە لە گۆڕسان و ڕامێنە کەمێ
مێروولە کە کێشەوەی دەکەن لێر و لەوێ
هەریەک لە دەمی دایە گڵی خونچە دەمێ


145
دەستم کە بڕۆیبایە خودا ئاسایی
گەردوونێ ترم دەخستە ڕوو سانایی
بەدبەختی بەشی نەزان و نامەردان با
دڵخۆشیم ئەدا بەرانبەری زانایی


146
مەیگێڕ، وەرە گازە وی لە پشتە، بەمە چی؟!
بادەم بدەیە، جند و فرشتە، بەمە چی؟!
مەیخانەیەکم نیشان دە، ئەوسا دنیا
مزگەوتە هەمووی، دێر و کەنشتە، بەمە چی؟!


147
یان دەچمە بەهەشت، هۆری لە دەورم کۆ بێ
یان ئاگرە جێگەم، بە چزە و بۆ سۆ بێ
جوانێک و مەی و نەی و بەهارێک بۆ من
چیم ناگەرەکە، قەرزی بەهەشت بۆ تۆ بی


148
دڵبەر کە بمانداتێ مەیێک و ماچێ
بەرماڵ و ڕدێن بە توونی ئاگر دا چێ
دڵتەڕ لە جەهەندەما بێ، سا دەرکی بەهەشت
گیراوە بە قوڕ، تازە کەسی تێ ناچێ


149
ئۆخەی کە نەما باوی خەیاڵی خاڵی
مەیگێڕی دەبینمەوە، بە بادەی ئاڵی
گێرەی ڕەمەزان بەر بوو، ئەوا جێژن هات
دەم‌بێنی لە دەم گاو و کەران داماڵی


150
مەیگێڕ، لەمە بڕوانە بە سیلەی چاوێ
ڕابردوو، نەهاتوو، لە سەرت دەرباوێ
تا کەی خەمی زوو کۆچ دەکەم و دێر هاتم؟!
مەی تێکە، وەخۆین، درەنگ و زووی پێ ناوێ


151
مەیخۆرەوەکان، دە وەرن و سازدەین کۆڕێ
مەیگێڕ، وەرە با دەفری شەراب هەڵچۆڕێ
دەیزانی خودا، ڕۆژی بەرێ، مەیخۆرین
تێکی مەدە، زانستی خودا ناگۆڕێ


152
مەیخۆرە وەبم، بە تۆ چی؟! تووڕەی بۆ چی؟!
تۆ بۆچی بە زۆنگی خەمی من داڕۆچی؟!
چیت داوە لە ئاکاری ئەم و ئەو کاکە؟!
باشتر ئەوەیە کە خۆت بزانی تۆ چی؟!


153
مەیخۆرەوە نی و لە ئێمە هاتوویە گەمەی
خۆشت بە دزی هەزار دزی و حیزی دەکەی؟!
فیزمان بە سەرا لێ مەدە مەستی ناکەی
هەر کارێ دەکەی، هەزار کەڕەت خۆزگە با مەی


154
جوانی بە پەلە و بە بێ‌نەوەستان ڕۆیی
ڕۆژگاری ژیان وەک شەوی مەستان ڕۆیی
ئەم ژینە کە هەر دەمێکی دنیای دێنا
داخم کە بێهودە لە دەستان ڕۆیی


155
زستانی ژیانە وا قەلی مەرگە قڕی
پیری مڵەیەک بوو، ڕەگی لاویمی بڕی
باڵداری جوانیم لە لکی ئاواتم
هاوارە لە من، چز و بە زوو نیشت و فڕی


156
ڕابرد تەمەنم هەموو بە نافەرمانی
نەینووکی دڵم لە چەوتی ژەنگی هانی
هێشتا بە هومێدی بەزەییم، چون هەرگیز
پێم وا نەبوو دوانی، هەر بە تاکم زانی


157
فەرمووتە عەزابم هەیە، ترسوو لێ بێ
لەم گفتە دەبێ ئەوی بترسێ کێ بێ؟!
تۆ ڕەحمەتی، لە کوێ بی، عەزاب بێ‌کارە
ئەوجێ‌یە کە بێ تۆیە، دەبێ لە کوێ بێ؟!


158
چاوم کە بە گریانەوە بوو، یار تاوێ
دەیڕوانی لە ئەشکی من بە گۆشەی چاوێ
بەم چاکەیە لە نیازی گەیشتم کە دەڵێ:
"تۆ چاکە بکە و بیبە دە ئاوی هاوێ"


159
بوولێڵە کە هات، مەپرسە کەنگێی ساڵە
مەی فڕ بکە، لە خورێنی بە تاس، بە پیاڵی
شێخ وازی لە هەنگوین و گەزۆیە و من مەی
مەی تاڵە، دەبێ حەق بێ، دەڵێن حەق تاڵە


160
شێخ ویستی لە دەردی یار و مەی چا بمەوە
بۆ ژینی لە پاش مەرگ، ئەشێ پا بمەوە
نازانێ کە بۆچ هۆگری یار و بادەم
پێم خۆشە لە حەشریش دەگەڵی ڕا بمەوە


161
گۆیا لە بەهەشت مشەی فشە و خۆراکە
هۆری و کوڕ و هەنگوین و شەرابی پاکە
بۆم تێکە بە یادی کۆنەقەرزان، مەیگێڕ
ئەم دەنگی دەهۆڵە تا لە دوور بێ چاکە


162
لێم بۆتە مەتەڵ، بەهەشتە، جێگەی حوورە
هەنگوین و کەرە و شیر و مەی و کافوورە
بە ئێمە بە مەی لێرە بەهەشتێ ساز دەین
تا پیاوی هەژار دەگاتە بەغدا، دوورە


163
شووشەی مەیەکەت بۆ چی ڕژاندم خوایە؟!
وەک شووشە، نەشەو دڵت شکاندم خوایە؟!
مەیخۆرە منم، کەچی یەکێ تر دەگرێ!
بمبوورە، لە پەردە دا گەیاندم خوایە


164
دنیایە لە کەودە، بێ‌گوناهێکی نیە
کەس بێ‌هەڵە نەژیاوە لە سەر ئەم زەویە
من کردە خراپ و تۆش خراپەم تووش کەی؟!
جیاوازی لە نێوان من و تۆ، خوایە چیە؟!


165
بەخشین، لە گوناە و هەڵە چاوپۆشینە
تۆ چۆن هەڕەشەت بە ئاگری پڕتینە؟!
بمبەخشی بە نوێژانەوە، کەسمان لە کەسە
بە گوناهەوە بمبەخشە، دەڵێم بەخشینە


166
مەیخۆر کە نەبن، کاول ئەبن مەیخانە
خوێنی دەهەزار تۆبە لە گەردن‌مانە
بەخشین چدەکا، ئەگەر گوناه‌باری نەبێ؟!
لە گوناهەوە بەخشین و بەزەی خوا جوانە


167
هەر ڕێ‌یە بڕیم، گشتی هەڵە و لاڕێ‌یە
وا دێمە پەنات، باری گوناهم پێ‌یە
بمبەیتە بەهەشت ئەگەر بە نوێژ و ڕۆژوو
سەودایە، ئیتر بەخششەکەت لە کوێ‌یە؟!


168
کێ ڕۆژی بەرێ قوڕی منی شێلاوە؟
کۆڵکە و مەرەزم بە کام تەشی ڕێسراوە؟
کارم کە یەکی نەگرت و لێم ئاڵۆزا
سووچم چیە؟! لای خۆتەوە هەڵپێچراوە


169
ئەی تەکیەنشین، شێخی بە سۆرە و تۆرە
پێت وا نەبێ هەر مەستی‌یە، کارم زۆرە
من خوێنی ترێ دەمژم و تۆ خوێنی هەژار
جوابم دەرەوە: کێ‌یە پتر خوێن‌خۆرە؟!


170
دەروێش، وەرە ئەم حاو و حوەت بێ‌خێرە
دەم‌بەستەی و تۆزاوی وەکوو گاگێرە
خوا چاوی لە دەستت نیە ڕۆژووی بدەیەی
ژیانێکی کە پێی داوی، بە مەی بسپێرە


171
دنیا بە دەسی دەستە کەر و گایێکە
هەر جاشەکەرە، وەزیر و پاشایێکە
دیندار بە کەسێ دەڵێن نەزان و گێژە
هەرکەس کە دەڵێن کافرە، زانایێکە


172
خوێنتاڵی مەلا بە ڕیش و پەشم و جبەوە!
ئەمڕۆش لە دەست دەچێ بە بیری سبەوە
زۆر وشکی! دەبی بە دەستەچیلەی ئاگر
فەرموو وەرە مەیخانە، دەمێ تەڕ ببەوە


173
وا چاخی گوڵە و دار و دەوەن گوڵ‌پۆشە
دەروێش وەرە بەر، وەرگرە مەی بینۆشە
بڕوانە لە گوڵ بە ئەقڵی تۆ پێ دەکەنێ
بۆ بیری جەهەندەم، دڵ و ڕووت ناخۆشە


174
هەرکەس کە تەواوە، ناتەواوی ماڵە
کێ خێوی کوڵاو و کاڵە، بۆ خۆی کاڵە
خوێنتاڵە هەتا ملان لە ناو شیرنایی
کێ ڕوو گەش و خوێن‌شیرنە، ژینی تاڵە


175
خوێنتاڵت ئەوێ؟ ئێسکی گرانت گەرەکە؟
بۆ تەکیە بچۆ، کە دەرد و ژانت گەرەکە
مەیخانەیە جێی لێو بە بزە و ڕووخۆشان
مەیگێڕی ببینە، گەر ژیانت گەرەکە


176
خەییام، کە سەرت گەرمە بە مەی، دڵخۆش بە
دەس لە ملی کچۆڵەیەک دەکەی، دڵخۆش بە
دوا ڕۆژی هەموو شتێک نەبوونە و چوونە
وای دابنێ هەر نەبووی، کە هەی، دڵخۆش بە


177
گایێکە لە عاسمان و ناوی کۆیە
گایێکە دەڵێن هەڵگری هەر دوو بۆیە
سەیری کەرەگەل بکەی لە ناو ئەم جووتە
گەر ژیر و بەبیری، سەیری خۆش بۆ تۆیە


178
ڕۆیین و زەمان پەشێو و ئاڵۆزاوە
سەد گەوهەر و دوڕ، یەکێکی لێ نەسماوە
داخی بە دڵم، هەزار وشە و بیری چاک
کەر بوونەتە لەمپەروونە، بێژراو ماوە


179
ئەی خوایە، لە کارت سەری زانا گێژە
شیرنایی دەنێیە دەم، دەڵێی مەیچێژە
خۆت جوانی دروست دەکەی، دەڵێی مەیبینە
پیاڵێکی پڕاوە، لاری کە و مەیڕێژە


180
دیم پیرێ لە مەیخانە سەری دەخولاوە
"ناترسی؟" وتم، "کە بمری؟ چیت بۆ ماوە؟!"
فەرمووی "وەرە پێدا کە، گەلێ وەک من و تۆ
ڕۆییشتن و کەس نەهاتەوە لەو لاوە"


181
لەم ڕێگە درێژەوە کە مەرگی ناوە
کێ هاتەوە باس و خەبەری هێناوە؟!
وەستان لە دوو ڕێیانی نیازی پڕ و پووچ
بێهودەیە، هەرچی چوو، نەهاتە دواوە


182
خشت پێژی هەتا کەنگێ بە سەر دەریاوە؟!
ئاخ، چەندە ڕقم لە بت‌پەرس هەڵساوە!
کابرای کە دەڵێ دەچتە جەهەندەم خەییام
چۆن زانی؟! چدێوێک خەبەری پێ‌داوە؟!


183
دوو ڕوویی بەسە، ڕوو دەکەمە مەیخانە
ئەم ڕیشی سپی بە مەی بڕەنگێ جوانە
پێوانی تەمەن گەییشتە حەفتا، تا کەی
خۆم هەر وەکوو هەم نیشان نەدەم، شێتانە؟!


184
مەی تێکە، هەرایە! پێم دەڵێن بێ‌دینە
چۆن ڕەنگی بەرم؟ پەڕۆم لە هەشدا شینە
بەرماڵە گوناه‌پۆشەکەشم وا شڕ بوو
هەڵ‌ناگرێ تەقەڵ، بە بارێ بیکەین پینە


185
مەیگێڕ، وەرە بۆم تێکە، دڵم زۆر تەنگە
کێ باشە؟! هەموو کەس دە ڕووە و سەد ڕەنگە!
با مەی بپەرەستین و ئیتر واز بێنین
تا وا بێ، موسوڵمانەتی شەرم و نەنگە


186
مەیگێڕ، بە سەرت پردی سیڕاتیش کەڵەکە
سەیرانی بەهەشت، سەیری دوو چاوی بەڵەکە
زۆرم لە خودا ویست و کەمیشی نەگەیی
هەر تۆبەیە دەمداتێ، ئەویش نەم‌گەرەکە


187
خۆ دوورە کتێب بگرە، گەمەی منداڵە
ژیر بیری لە سەر شەراب و لێوی ئاڵە
هۆشت بێ هەتا خوێنی نەڕژتووی گەردوون
تۆ خوێنی کچی ڕەزان بڕێژە پیاڵە


188
تازەم کە بە کەونە مەی، جیهانیش کەونە
زۆر لاش و سەری تێوە درا ئەم تەونە
چۆن هاتی؟ چلۆن دەچی؟ چلۆن بووی و دەبی؟
خەو دات نەگرێ، وەکوو خەیاڵ و خەونە


189
لەم بیرە کە چین نهێنی پشتی پەردە
هەر بیرەوەرێ، کاس و بە داخ و دەردە
ئەفسانەیەکی دوور و درێژە و بێ‌بن
دەستێ بەرە بۆ پیاڵە، دەست لەو بەردە


190
چم بیستووە لەم جیهانە یان چم دیوە
زانیومە چیە، هیچ نەبێ نیوە و نیوە
مردن چیە؟ هەرچی دەکەم و دەکرێنم
شێواوم و سەر نابەمە دەر لەو شیوە


191
لەم هاتنە بێهودەیە بیرم شاشە
سەرباری خەمان بیر و خەمی ئەو لاشە
مەیگێڕ، وەرە قۆڵ هەڵکە گڵێنەت بێنە
خەم چڵکی دڵە، بە مەی بشۆرین باشە


192
بێ دڵبەر و مەی، تەمەن بەسەرچوون هیچە
بێ ڕەنگی مەی و دەنگی بلوور، بوون هیچە
ئازاد و بە دڵخۆشی بژی چەند ڕۆژێک
ڕابوێرە لە هیچ بیر مەکە، گەردوون هیچە


193
مەیگێڕ، وەرە بۆم تێکە ئەوا نیوەشەوە
بەس بیرێ لە مزگەوت و کەنشتان بکەوە
دڵتەنگی جەهەندەمی و بە ئاواتی بەهەشت
دایناوە خودا کوێندەری، بەس لێکی دەوە


194
دڵتەنگی مەرگ نابێ، ئەوی لێ‌زانە
ئەم مانەوە، مان و چانی ڕاگوێزانە
تێر سەیری گوڵت نەکردووە، بۆتەوە گڵ
لە شوێن گوڵە نەورۆزە، گەڵاڕێزانە


195
زستانە هەتا ڕوو دەکەمە مەیخانە
هەر لاسکی گوڵە و لە دەوری ئاگردانە
وە دیارە نە یاری جوان و ڕووخۆشە جیهان
تۆڵەی دەمی پێکەنینە ئەم سووتانە


196
ئەم هاتن و چوونی ئێمە چی لە دوایە؟!
کێ وا هەیە لەم گڵۆڵە هەڵکا تایە؟!
ئەولاشە هەموو دەکەونە ئاورگی نەمان
سوتمانی وەهام نەدیوە، دووکەڵ نایە!


197
هەر چێکی هەڵێ، بەشی لە ئاوا بوونە
سەرکەوتنی هەوراز و بەرەو ژێر چوونە
شین بووی لە زەوی، پێ دەگەی و دەت هێڕێ
ئاشێڕە خودا و ئاشەکەشی گەردوونە


198
ئەم کۆنە سەرا و پەردە کە دنیای ناوە
شایی لە بەرێک، شینە لە پێنسەد لاوە
ئەم خوانچەیە، بەرماوی هەزار جەمشیدە
گۆڕە و گەلێ بارامی تیا نێژراوە


199
هەر بێنە بەرەو هەڵخول و هات و چۆیە
گوێ هەڵخە، هەموو دەنگی بژی و ڕۆڕۆیە
خەرمانی ژیانە سوورە گەردوون سەرکار
ڕۆکردن و پێوانی مەیە لەو کۆیە


200
هەر خاکێ هەیە، خۆڵی لەشی یارانە
هەر چاو و دڵی دڵبەر و دڵدارانە
وەک ئاو، کە هەور خۆڵ و گڵیش هەڵبگرێ
تا ڕۆژی حەشر، تەوژمی خوێن‌بارانە


201
ئەی خوا، چبێ‌وەفایە ئەم دنیایە
دەرد و رک و کینە گشتی هەر لەم ڕایە
بڕوانی لە ناو دڵی ڕەشی خاکی ڕەشا
زۆر گەوهەری تێدایە کە نرخی نایە


202
خاکێ کە لە ژێر پێ و پلی شوانانە
سنگ و مەمک و کوڵم و دەمی جوانانە
هەر خشتێ لە لاقوژبنی دیوارێکە
یان شانی وەزیرە، یان سەری سوڵتانە


203
هەر سەوزە کە تازە لە دەم ئاوێ ڕواوە
وەک تازە خەتێ، لە لێوی لاوێ ڕواوە
هەنگاوێ لەسەر شینکە بە پارێز دانێ
ئەو شینکە لە خاکی مەستەچاوێ ڕواوە


204
بۆ ئاوی شەوێ، گۆزە شکاوێک لامە
فرمێسکی وشک نابنەوە، بێ‌ئارامە
کەللەی سەری شا و دەست و پلی دەروێشە
تێکەڵ بوە، نازاندرێ کامەی کامە


205
ئەم گۆزە کە جێ‌ئاوی کرێکارێکە
چاو و دڵی چەند وەزیر و خۆنکارێکە
هەر پیاڵە مەیەک بە دەستی سەرخۆشێکە
کەللەی سەر و مێشکی ژیر و وشیارێکە


206
ئەم بادەیە، گیانە چۆتە لاشەی پیاڵە
وەک من بە ڕواڵە جوان و ژینی تاڵە
ئەم شووشە مەیەی لە تۆ دەڵێی پێ‌دەکەنێ
فرمێسکی هەژارانە، لە خوێن دار ماڵە


207
گەردوون مەیەکەی مەرگە، جیهان مەیخانە
دەرخواردی ئەدا هەرکەسێ لێی میوانە
بینۆشە بە ڕووی خۆشەوە، گەر نۆرەت هات
جەژنێکە شەپۆڕێکی دەگەڵ یارانە


208
تا باغی گوڵی بەخت و جوانیت لەبەرە
سەرخۆش بە، دڵت خۆش کە، چوەختی کەسەرە؟!
ئەو ڕۆژی لە دەس دەچێ، وەگیر نایەتەوە
چەپگەردی زەمانە، دوژمنی قەستەسەرە


209
پێشی من و تۆش، ڕۆژ و شەوێک بوون، کاکە!
گەردوون لە گەڕانا بوو، وەکوو ئێستاکە
لەم سەر زەوی‌یە، لە هەر جێ پێ‌وەگوێزی
خۆڵ و گڵی چەند چاو و دڵە ئەو خاکە


210
بیر کەم بتەنە، ڕایەڵەکەت بێ‌پۆیە
مەی ڕوو کە لە کووپە، چڕەوای ڕۆڕۆیە؟!
ئەمڕۆ کە بە فیز و قۆزی، سۆزی تۆزی
بابردەڵە! پێت وا بوو جیهان بۆ تۆیە؟!


211
بایی مەبە بە ژیان و کەمێ ڕامێنە
زۆری وەکوو تۆ، ئێستە سەتی لە شوێنە
دڵخۆش بە هەتا ماوی، مەرگ وا لە کەمین
تا تۆش نەڕفێنراوی، بەشت بڕفێنە


212
بێهودەیە بەس لەسەر مەخۆ بنوێنە
بگرە و بکوژە، کۆ کەرەوە، بستێنە
سەرکاری مەرگ، گەلێ لە تۆ زۆردارتر
دەتگاتە سەر و دەڵێ "بەشی من بێنە"


213
دەرد و خەمی من کە هێشتە نەبڕاوەتەوە
خۆشی تۆ کە دەنگی لە جیهان داوەتەوە
هەردووکی دەچێ، نە ئەو دەمێنێت و نە ئەم
گەردوون لە گەڕە و هەزار تەڵەی ناوەتەوە


214
دنیات بە خەیاڵی خۆ لە توربێن ناوە
زێڕت هەیە، عەرزت هەیە، دێمە و ئاوە
ئەو ڕۆژی مەرگ سەرت ئەدا، سەر بە سەرین
هەر دوو گەزە خاکی گۆڕ و تۆپێک جاوە


215
خوو بەس بدە خەو، کە هۆش و بیرت پتەوە
ڕابوێرە ژیان بە مەی، ئەگەر ڕۆژ و شەوە
مردن کە برای گەورەیە، بۆ خەو هەردێت
ئەو کاتە لە ناو نوێنی گڵا، تێر بخەوە


216
هەر دەرد و کوڵ و ژانە ژیانی ناوە
تۆ بەفری گەلاوێژ و مەرگ وەک تاوە
ئەو تاوە تیا ماوی، مەتاوێوە بە خەم
کوا ئاوی ترێ؟ هیمی جیهانیش ئاوە


217
ڕاستت دەوێ کاکە؟ لێم ببیسی چاکە
جوانێکی پەیاکە، بادەیەک پێداکە
خوا کاری جیهانی کرد و ڵێ بۆوە ئیتر
لە سمێڵی من و لە ڕیشی تۆ، بێ‌باکە


218
ئەم بوون و ژیانەی هەیە، چۆن ڕووی داوە؟
ئەنجامی چیە و بۆ چیە، چی بە دواوە؟
هیچ کەس نەبووە و نیشە بەڕاست بیزانی
هەرکەس بە خەیاڵ، شتێکی بۆ هەڵداوە


219
لەم جەغزە کە شوێنی هات و چۆی هەموانە
بێ‌ژێر و سەرە و دوور لە پووان و سووانە
کێ زانی لە کوێوە هاتوە و کێوە دەچێ؟!
هۆزان و نەزان وەک یەکە، سەرگەردانە


220
هەوساری بە دەس خۆتە خراپە و چاکە
هۆی خۆیەتی هەرکەس، گەشە یان خەمناکە
بێچارەترە لە تۆ هەزار جار گەردوون
بەس سووچ و هەڵەت لە سوکری گەردوون ڕاکە


221
چاوم لە لکی هومێدە، بۆن دانایە
ئەی خۆزگە کە داش دەهات، بەری هەبوایە
زیندانە ژیانم، دەرەتان نابینم
ئاڵۆز و گرێ‌پووچکەیە ئەو هەودایە


222
چاوبەستی فەلەک دەستی بڕیم، کوێرانە
خستمیە جەهەندەمێک و ناوی ژیانە
دەردی مە ئەگەر نەهاتووان بیزانن
ڕوو ناکەنە ئەم خەیمەشڕەی خەم‌خانە


223
بارانە دڵۆپێکی ڕژا دەریاوە
خۆڵێکە گەڕ و خولیە لە بەردەم باوە
ئەم هاتنی ناو ژیان و چوونەت، چۆنە؟
مێشوولەیەک و تۆزێ گەڕاو، گەڕیاوە


224
وا باشە پەنابەرینە بەر مەیخانە
حەفتا و دوو میللەت بە مەچی شەڕیانە؟!
کەوتوونە بیابانی نەزانی، بێ‌ڕێ
کوێرن، لە شەوی ڕەشان و خۆلێکدانە


225
هەرکارێ دەکەم، ڕۆژی بەرێ نووسراوە
بۆ چاک و خراپ، خوا قەڵەمی لێ‌داوە
پرسیار و گوناهی کردەوەم، بۆ لە منە؟!
نووسراوە، دەبێ بیکەم، ئیتر چی ماوە؟!


226
گەردوون چتە؟! کێ بێ‌فەڕە ڕووت لێ‌ناوە
تێر و تەسەلە و بەریکی پڕ لە دراوە
بێ‌شێو سەر ئەنێنەوە هەزاران زانا
بم بوورە، ئەگەرچی پیری، بیرت خاوە


227
گەردوونی چەوێڵ، هەر بە چەپی سووڕاوە
هەر بۆیە ئەوی ڕاستە، تیا داماوە
بڕوانە لە هاواڵەتی شووشە و پیاڵە
خوێن کەوتە نێوان و لێو بە لێو چەسپاوە


228
مەیگێڕ، وەرە ئەم هۆشە بە کارم نایە
مردن ڕەشە‌بایێکە، ژیانم کایە
بۆم تێکە لە گۆزەی مەیەکەت، هاکا دیت
گۆزێک لە گڵی منیش لە ناو کڵ دایە


229
خوێنتاڵە خەم و دوژمنە، خۆی لێ‌لادە
خۆشی لە کەسێک لێو بە بزە و دڵشادە
مەیگێڕ، وەرە هەر ڕەنجێ لە دنیا کێشام
بەر با دە، دەسا بمگەیە خۆت و بادە


230
کێ ڕەنجی ژیان ئەکێشێ، ئازایە کوڕە
بارانێ لە زیندانی سەدەف دایە، دوڕە
پیاو بۆ خۆ بمێنێ ماڵی، دنیاشی دەبێ
پێوانە هەلێک بەتاڵە، زۆر جاری پڕە


231
زێڕ گەرچی نەسەرمەیانی پیاوی ژیرە
بێ‌دراو و هەژار کە سەر زەوی یە خسیرە
دەس تەنگی ‌یە وا، وەنەوشە مل‌خوار و کزە
گوڵ پێ دەکەنێ، لە باخەڵی دا لیرە


232
گوڵ یاخە دەکاتەوە بەرانبەر بە شنە
بولبول دڵی خۆشە، کەوتە ئاواز و قنە
تا تۆش و گوڵیش، نەبوونە تۆزی بەر با
مەی بێنە، لە گوڵزاری بخەین بار و بنە


233
نازدارە، بەهارە، سەوزەیە، دەم ئاوە
کوا دەفر و پیاڵەی مەی؟ دڵم تەنگاوە
گەردوون گەلێ وەک تۆ و منی سەد جار سەد جار
بە پیاڵە دروست کرد و لە بەردی داوە


234
چاو جوان، وەرە لام، بە خەم بڵێ "بەو لاوە"
لێم هاڵێ، هەتا داوی ژیان نەپساوە
نەورۆزە، چەمەن سەوزە، دەمێ سەرخۆش بین
تا سەوزە لەسەر گۆڕەکەمان نەڕواوە


235
پەنجەی گوڵی ڕوومەت‌گوڵەکەم، گوڵ‌چینە
پەرژینی بە گوڵ، گوڵ لە گوڵم پەرژینە
تا شینکە لە گۆڕە، با بە یەکتر شاد بین
داخۆ چدەمێ لە دەوری گۆڕت شینە؟!


236
بۆ دەردی دەروون و کوڵی دڵ، مەی چاکە
هەر کووپە مەیە لەسەر زەوی دڵپاکە
لافاوی خەم و کەسەر کە دەوری لێ‌دای
مەیخانە گەمی نووحە، بە لەز بۆی ڕاکە


237
مەی بیرەوەری چاخی جوانی خۆمە
هاو ڕاز و گلەی ڕۆژ و شەوانی خۆمە
ئاڵە وەکوو چاوەکەم لە دووری یاران
تاڵە و بە لەزەت، وەکوو ژیانی خۆمە


238
مردووی بەرە مەیخانە، ڕۆحی تێدایە
ئەو بۆنی لە مەی دێ، نەفەسی عیسایە
دەرخۆنە کە دەخرێتە سەری کووپەی مەی
تاجی سەری سەد کاوس و جەم هێژایە


239
مەیگێڕ، وەرە دەس مەگێڕەوە، مەی بێنە
مەی ژینە لە ناو لەش و لە ڕەگ‌دا خوێنە
کێ دیتی شتێک کە ئاگر و ئاویشە؟!
مەی ئاوی ژیانی مەیە، خەم سووتێنە


240
خۆڵی لەشەکەم بە تایبەتی خڕ کەنەوە
مەی لێ بدەن و باشی تەڕ و بڕ کەنەوە
خشتێکی بپێژن لەمە، بەڵکوو جارێک
مەیخانە کەلێنێکی بە من پڕ کەنەوە


241
چیتە لەگەڵ ئەم جیهانە کەوتوویە ملە؟!
بایی کە دەڵێن بەختەوەرە و جێگە زلە؟
کەم پاڵ دەوە، ڕەشماڵی لەشت تێک ئەتەپێ
ئەستوندەکی کرمۆڵە، پەت و سەنگی شلە


242
ڕامان و کزی بەسە، وەرە مەی تێ‌کە
وەبزانە هەموو کاری جیهانت ڕێکە
خۆت دانێ لەسەر پەلکە گوڵێک ‍ئاونگی
مەرگت بە گزنگێکە، تەمەن تاوێکە


243
لەم خانە دوو دەرگانە کە پێت تێ‌ناوە
هاتووی بە پەلە و دەچیتە دەرێ لەولاوە
ژینت بە خەفەت‌باریە، مەرگیش سەربار
پێت وایە نەدۆڕاوی؟! خەیاڵت خاوە


244
بش‌بووبێ وەفا، ئێستە وەجاخی کوێرە
کێ ڕاستە لەوانی دیوتە؟! یەک بژمێرە
هەر کووپە مەیە هەواڵی دڵپاکە و بەس
بێ‌فێڵە، مەترسە، خۆتی پێ بسپێرە


245
مەیخانە دەگەڵ هەمدڵ و هەمدەم خۆشە
دەم بۆ دەم و دەستێ بەری بۆ مەم، خۆشە
زگ کووپە نیە، لە مەی جمەی بێ دەم و ژەم
بۆ لەمپەری خەم، دەم دەم و کەم کەم خۆشە


246
دۆستێکی بەڕاستی خەمڕەوێنمانە، مەیە
ئیتر هەموو دۆستایەتی دنیا گەمەیە
چاخی گوڵ و یارێکی گوڵندام و مەیەک
ڕابوێری بە دڵ دەمێک، ژیان هەر ئەمەیە


247
حەیفم لە دڵێ دێ کە بێ‌سوتمانە
دڵداری تیا نەکردووە هێلانە
هەر ڕۆژێ کە بێ‌دڵبەر و بێ‌دڵداری
بێ‌نرخە، پڕ و پووچە، زیانی ژیانە


248
پشکوتووە گوڵ، چدیمەنێ شەنگی هەیە
مەیگێڕ، وەرە بۆم تێکە، دڵم ژەنگی هەیە
بەس بۆم بڵێ چیرۆکی بەهەشت و هۆری
خێوە و جنە ڕەنگی نیە، هەر دەنگی هەیە


249
وا جێژنی بەراتە و شەوی ڕۆزی‌دانە
سەرکاری خودا، گەرمی گەز و پێوانە
مەیگێڕ، بەشی من وەرگرە، خۆم سەرخۆشم
تا ڕۆژی مەرگ، جێگەمە ئەم مەیخانە


250
پیرم و ئەوەتەی لە بیرمە، ژینم تاڵە
هەر خۆزگە بە پارە و گلەیی لەم ساڵە
لە منت کەوێ مردن دەیەوێم، های مەیگێڕ!
دوا کۆچە، دەفریام خە دوایین پیاڵە