چوار شتن ئەمڕۆکە بوونە نەگبەتی کوردی هەژار
|
جەهل یەک، بێ عەقڵی دوو، دڵ پیسی سێ، داوا چوار
|
مەنعی پێشکەوتن ئەکەن لەم خاکمانە چوار گرۆ
|
خان یەک، سەردار دوو، بەگزادە سێ، ئاغا چوار
|
نایەڵن بۆ خۆم ڕەحەت بم سەربەخۆ تاوێ بژیم
|
ئەجنەبی یەک، مامە دوو، ئەقتاعی سێ، کوێخا چوار
|
من لە داخی سەر کزی ئەم میللەتە چوار دەردمە
|
سیل یەک، مالاڕی دوو، چاو کوێری سێ، ئێسقا چوار
|
یادگاری ڕەنجیپەنجەی کوردەکانە چوار ئەساس
|
قەسر یەک، ئاراس دوو، شامات سێ، بەغدا چوار
|
فەخرە بۆ من ئیفتخار و حورمەتی چوار تایەفە
|
زەند یەک، گەڵباخی دوو، شیروانی سێ، میدیا چوار
|
باز بووم باڵی شکانم چوار بەڵای نەحسی خراب
|
خانەقا یەک، تەکیە دوو، عەممامە سێ، عابا چوار
|
چوار سیفەت مەوجوودە بۆ من بۆیە هیچ کەس نایەوێم
|
قانعی یەک، شیعر دوو، ڕووخۆشی سێ، مەللا چوار
|