وەتەنی کوردەکانە پڕ نیعمەت
|
وەتەنە داک و بابی پڕ شەفقەت
|
بۆ کەسێک تۆزێ کاسبی تیا کات
|
میوەیێ زۆر، نانی بێ میننەت
|
ئەجنەبی کەی لەگەڵ کوڕی خەڵکی
|
ئەنوێنێ موحیبەت و ڕەئفەت!؟
|
چوومە بەسرە بە عەزمی سەیر و سەفا
|
کەوتمە گێژی میحنەت و زەحمەت
|
پەلی گرتم لە بەسرە مەئموورێ
|
وتی جاسووسی، ئەی عەجەم هەیئەت!
|
بردمی، کۆڵە خاکی پێ کێشام
|
ساڵەوەختێ بە سەد غەم و میحنەت
|
تاکوو هاتن حەجاجی کوردی عێراق
|
حاجی و دین دروست و پاک تینەت
|
بە نفووس و بە پووڵ و کۆمەک و قەول
|
هاتمە دەر لە بەندەکەی زەحمەت
|
قانعا تۆبە بێ کە دەفعەیە تر
|
نەچمە مەککە لەبۆ حەج و تاعەت
|