ئەوا کابرایەک عومری تەواوە
|
خێزانە وردەی لەشوێن جێماوە
|
ئەو ڕۆژە کابرا لەسەر جێگە کەوت
|
خەبەر نەخۆشی ئەگاتە مزگەوت
|
مەلا بە کوێخا ئەڵێ تۆ کوێخای
|
عبادەت خێرە با بچین بۆ لای
|
هەر هەنگاوێکت حەجێ قەبووڵە
|
فەرموودەی حەزرەت شاهی ڕەسووڵە
|
سۆفی تۆش ورە، دەروێش تۆش فەرموو
|
هەر لە هەرزەکار هەتا ڕیش چەرموو
|
هەموومان بچین چوون دەسەوامە
|
ئەمڕۆ بۆ ئەوە سبحەی بۆ عامە
|
ئەمجا بەکۆمەڵ ئەچن بۆ ماڵی
|
زۆر بە موختەسەر ئەپرسن حاڵی
|
ئەمجا دێنە سەر گفتووگۆی خۆیان
|
بەراتی مەلا و گرتنی شوان
|
باسی دار بڕین یا جۆگە و جۆماڵ
|
دێراوی تووتن، شێف و دەردی کاڵ
|
هەریەک ئیشی خۆی هەریەکە و کارێ
|
هەریەک گفتووگۆی بازاڕی شارێ
|
ژنی نەخۆشیش خێرا هەڵ ئەسێ
|
نەخۆش جێ دێڵی هیچ لێی ناپرسێ
|
مەجبوورە ئەبێ میوان ڕێ بخا
|
لایە چێشت لێ نێ، لایێ نان بکا
|
کوڕی نەخۆشیش خۆ چایچییە
|
کەستر شک نابا دەسەڵات نییە؟
|
هیچ کەس چۆڕێ ئاو ناکاتە دەمی
|
کەسێ تر نییە تا بخوا خەمی
|
وەختێ کە ئەمرێ لەو زرم و کۆیە
|
لەو قڕچەی دڵە و لەو باوکە ڕۆیە
|
مەلا ئەیشۆرێ و ئەیبەن بۆ قەبران
|
تەسلیمی ئەکەن بە سەهل و ئاسان
|
ئەمجا قاو ئەکرێ بە دێهاتانا
|
«تایفەللکوک» کورد و گۆرانا
|
دەسە بە دەسە فەوج فەوج و قەتار
|
بیس بیس و سی سی لە لادێ و شار
|
دێن بۆ ماڵ مردوو بۆ عەزا خوانی
|
ڕۆژێ دە کەڕەت ئەیکەن تاڵانی
|
سێ فەردە شەکر و دوو سنووق چایی
|
ئەبێ قەرز بکا خواهی نەخواهی
|
دە دوازدە تەغار ئارد بێنێتە ماڵ
|
سەلەم کا لە پێی نۆ ساوزی ئەمساڵ
|
ماڵی ئیسقات بۆ حەیوانی زبرە
|
حەیوانی وردیش بۆ گۆشتی سفرە
|
موختەسەر هەتا شەش مانگ ئەو ماڵە
|
بەدەس میوانۆ حاڵیان بێحاڵە
|
نەی پەڕژاوەتە خەلە و خەرمانی
|
هەموو جێماون ئیش و فرمانی
|
سەری حەوت مانگە تەماشا ئەکا
|
نە بزنە نە مەڕ، نە مانگا نە گا
|
شەس حەفتا دینار قەرزارە بێجێ
|
نازانێ پەنا ببا لەبۆ کێ؟
|
ئەمجا ئەزانێ کۆسی کەوتووە
|
بەسەد بارەدا باوکی مردووە
|
میللەت تا بە کەی جەهل و نەفامی؟
|
میللەت تا بەکەی شێتی و عەوامی؟
|
بۆچی لە دوورۆ دۆعای بۆ ناکەی؟
|
بەناوی خێر و بەقوڕیا ئەبەی؟
|