کوردە چۆن نەگریم هەمیشە بۆ کزی و داماوی تۆ
|
چۆن قوڕی عالەم بەسەر خۆدا نەکەم بۆ ناوی تۆ
|
ڕەنگی زەردی جەرگی تۆیە من ئەسووتێنێ تەواو
|
شێعری من دەرمانی دەردە بۆ دڵەی زاماری تۆ
|
خوێنی تۆ بە شەربەتی ڕۆژی جلووسی ئەجنەبی
|
سەیری دوژمن کە لە شار و کووچە و بازاڕی تۆ
|
سەوزە گیای کارێزی پاشا مێشکی باپیری منە
|
ئێستە وا فەڕشە لەژێر پێی دوژمنی خونخواری تۆ
|
ڕۆحی بابانە لە گرد و مەقبەرەی «سەیوان» ئەڵێت
|
«ڕۆڵەکانم کێیە ئەو خەیمە لە ژووری شاری تۆ؟»
|
لاوی کوردم مردنت زۆر چاترە تا ژینی وا
|
ئەجنەبی بێتۆ لە گۆیژە بێبە فەرمانداری تۆ
|
خوێنی هاوخوێنت ئەڕێژێ نۆکەری ئەگرێتە دەس
|
هەی سەگم بەردایە زێڕ و لیرە و دیناری تۆ
|
یادگاری هۆزی مادە داوەشێیت بۆ مامەڵەت
|
لاپەڕەی مێژوو ئەنووسێ لەعنەتی ڕەفتاری تۆ
|
قانعا گوفتاری تۆ شیرینە یا شەکر و نەبات؟
|
کەتنی ناحەق بۆ بکەم شیرینترە گوفتاری تۆ
|