چەن خۆشە ئەو زەمانە لە کوێستان و خوار و ژوور
|
فەرقی نییە لە بەینی برا و خوشک و خاڵ و پوور
|
چەن خۆشە ئەو نیزامە، سەراسەر هەموو وڵات
|
یەک ڕەنگ و یەک مەبەست و یەک ئاوات و پڕ لە نوور
|
چەن خۆشە ئەو وڵاتە کە جووتیار و ڕەنجبەران
|
تیایا ئەبن بە خاوەنی حوکم و سوپای جەسوور
|
چەن خۆشە ئەو زەمانە کە کوێستان و گەرمیان
|
یەکسەر ئەبێتە جونبشی دەریای هێزی سوور
|
ئەی لاوی کورد! بە بیر و باوەڕی کوردانە یەک گرن
|
بورکانی ئاگرین بن، لە ڕووی دوژمنی غوروور
|
بینێنە گۆڕی تارەوە ڕسوومی عەشیرەتی
|
فەرقی مەخەن لە بەینی غەنیدا هەتا مزوور
|
سەنعەت بکەن بە هێز و گریکی وڵاتەکەت
|
ڕازاوە کەن شەقام و تەلار و قەسر و قوسوور
|
لە تۆی دەروونی خاکەوە دەربێنە ڕۆنی ڕەش
|
خڵتەی دەمارەکانی بپاڵێون بۆ بلوور
|
شۆڕش بکەن لە ڕووی نەزانین و جەهلدا
|
تۆوی نیفاق و ئەجنەبی دەرکەن هەتا سنوور
|
هاوکاری کەن بە مەرج و بناغەی ژیانی گەل
|
تەوحیدی فکرە، شەرتی ئەساسە، نزیک و دوور
|
شادم بە ئەو زەمانە کە بە داشدیاری ڕەنجبەران
|
وەرزێر ئەنێتە گەردنی ئاغا گوریسی سوور
|