چ ڕوویداوە لە من فکرم هەمیشە مات و خامۆشە
|
ئەبێ تەشویشێ ڕووی دابێ کە وا ئەم هۆشە بێهۆشە
|
ئەڵێن سەبرە بەری شیرینە هەرچەند پێشڕەوی تاڵە
|
ئەگەر ڕاستە بۆ ئەم سەبرە دڵا خێرا کە تێکۆشە
|
سوراحی پڕ لە خوێناوی جگەرمی کردووە ئەمجا
|
کە چی پێشم ئەڵێ یا شێخ شەرابی وەسڵە بینۆشە
|
ئەگەر جەننەت بە مننەت بێ تەمەننای قەد نەکەم شەرتە
|
جەهەننەم گەر بە شمشێر دەسکەوێ وەڵڵاهی پێم خۆشە
|
ئەگەر ڕووی من بە زەردی نەقشی کێشابێ بەهای زۆرە
|
وەکوو سووری گوڵی ڕووت بێ ئەوا زێڕێکی مەغشووشە
|
وەکو پەروانەیی دەوری چراغی ڕووتە بێچارە
|
ئەمین بە باوەفایە دڵ نەکەی هەرزانی مەفرۆشە
|
ئەیا سۆفی گوناهی من ئەگەر هەر عەشقبازی بێ
|
خودای عالەم و ئادەم گونەهـ بەخشا و سڕپۆشە
|
دڵی بردم بە ڕووخۆشی وەهام زانی بەخت بەرزە
|
کە چی هیچ پێم نەزانی بوو کە وا یارێکی زۆر تووشە
|