گەر نەڵێن دێوانەیە یەک شۆڕشێ بەرپا ئەکەم
|
حوکمی چەرخی کەچ مەدار و گونبەدی خەزرا ئەکەم
|
ئارەزووی وەسفی قەدی، قەد عەرەری زێبا ئەکەم
|
حەز لە پێچی لارەپێچی، فاتە و سەلما ئەکەم
|
حەز لە لەنجە و وردە ڕەوتی ئامینە و عوزرا ئەکەم
|
هەر کەسێ ئەربابی عیشقە خۆی لە سادە لا ئەدا
|
من کە مفتی عیلمی عەشقم، دوێنێ فتوام وا ئەدا
|
رەئفەتی شیرین بە شێرۆ، زەحمەتی کیسرا ئەدا
|
گەنجی باداوەر لە گێژی بەحرەدا بەر با ئەدا
|
عاشقانە حەز لە ناز و نازشی تووبا ئەکەم
|
لابە گودلە، ئیش لە پەرچەم، بێ زڕەی پۆیلە و بلوور
|
شەق لە لێوی بێ خەزێم و کوڵمی بێ سووراوی سوور
|
قۆڵ بە بێ خرخاڵ و زێڕ و سینە بێ ملوێنکی موور
|
نامەوێ بۆرە زەلامێ وەک سەپانی شارەزوور
|
مەیلی گوارە و پڵپڵەی بانی سەری مینا ئەکەم
|
پەلکە شۆڕم دەس کەوێ، چیمە لەسەر بێ پرژ و باڵ؟
|
سەد کەڕەت خوا بیبڕێ، ڕوومەت بە بێ سپیاو و خاڵ
|
عیشقی سادە ساردە بێ شک، هەر وەکوو ئاشی بەتاڵ
|
هەر زڕەی لەرزانەیە، دەروێش ئەخاتە بەزمی حاڵ
|
ئیشتیهای خەمزە و نەزاکەت، ئای و ئۆف و لا ئەکەم
|
کوڕ کە ڕووت و قووتە ئەسڵەن، هیچ مەزە و تامی نییە
|
بێ قەتار و گوار، چەناخ و سڵسڵە شەوقی چییە؟
|
داری لیمۆ هەر کچە، بێ مەمکە کوڕ داری بییە!
|
بۆ یەکێ لێی تێ بگا لەم شیعرە، وەسفی کافییە
|
حەز لە زیڕەی سەر سەرینی ڕابعەی ئاغا ئەکەم
|
وەرنە سەر سەیری نەزاکەت یارەکەی جیلوە فرۆش
|
تازە بووکێ بانەیی، یاخۆ لە شێخی کۆنەپۆش
|
گەر بە نازۆ چاوی دەرخا، خانمی دڵ پڕ لە خرۆش
|
شێخ بە ڕیش و مێزەرۆ، سمتی چلۆن نانێتە کۆش
|
ئەهلی وەرعم، لێک سەیری، وەلوەلەی دنیا ئەکەم
|
بۆیە خۆشە خەڵوەتی، تەنیا زڕەی لەرزانە بێ
|
کچ وەکوو شەمعی منەوەر، کوڕ وەکوو پەروانە بێ
|
گەهـ لە بەزمی بۆسە بازی، گەهـ مەیی پەیمانە بێ
|
خەڵوەتێکی چۆڵ و خاڵی، وەک عیبادەتخانە بێ
|
قانعم ئەمڕۆ خەیاڵی دولبەری فەردا ئەکەم
|