ڕووباری سیروان، بینای چاوانم
|
ڕۆحم قوربانت، دەردت لە گیانم
|
هاتوچۆ ئەکەی سەلامت کوانێ
|
یاخۆ تۆش ئەڵێیت مەست و حەیرانم
|
دڵم پێت خۆشە خەڵقی وڵاتی
|
ئەحواڵیان چۆنە گەلی لاوانم
|
تانوپۆ ڕەنگین، کیژی عێلی جاف
|
بۆم بەیان بکە حاڵی کوێستانم
|
شاخی ڕەنگاوڕەنگ، خاکی پڕ ئاهەنگ
|
جەنگەڵی شێران، چۆنە مەیدانم
|
سەرچاوەی ئاوات، هیممەتی پیاوت
|
کوردی بێ باوت ماوە بیزانم
|
دەشتی پڕ گەوهەر، ئاوی وەک کەوسەر
|
نەشئەی نەشکاوە کۆی هەورامانم
|
سیروان ئەحواڵی یار و ئەربابت
|
حەوادیساتی ناو کوردستانم
|
بۆم بەیان بکە شێواوە حاڵم
|
تەسکینی بدە بە دەرد و ژانم
|