ڕووناکیی چاوم، ئەحمەدی سەیفی!
|
لە شیعر گوتنت دیارە بەکەیفی
|
کەیفت لە سایەی «حەزرەتی قازی»؟
|
وەقتێک لێت ڕازیم «قازی» بێ ڕازی
|
لە شیعر گوتنت زۆر کەیفخۆش بووم
|
چونکە ناخۆش بوو خەتت، نەخۆش بووم
|
زیاتر هومێدم هەر بۆیە پێتە
|
«سەدر»یشت ئوستاد، گوێی لە دەرسێتە
|
ئەگەر حەز دەکەی هەر سەرفەراز بی
|
لە باب و برات هەر بێ نیاز بی
|
ئەخلاقت چاک کە، بۆخۆت بخوێنە
|
درۆیان مەکە، کەمان مەدوێنە
|
لە سایەی «قازی»، جێژن پیرۆزە
|
جێژنی مە قوربان، نەکوو نەورۆزە
|
سایەی لەسەرمان یاخودا کەم نەبێ
|
دنیامان هەیە گەر ئەومان هەبێ
|
ئەنعامت ویستبوو، ئەوا بۆم ناردی
|
دۆعام بۆ بکە، بەخودام ئەسپاردی
|
ئەنعام بە عەدەد چوار یاری نەبی
|
بووبەکر و عومەر، عوسمان و عەلی
|
تا لێت یەقین بێ، هەر چوار بە حەقن
|
گوێ مەدە خاڵان، عەجەم ئەحمەقن
|
لەبەر بێ پووڵی دنیا بێ ڕەنگە
|
چ وەقتی سەعات، ئەو زرینگە و زەنگە؟
|
هەمیشە بەرگت، هەر فاسونیا بێ
|
مەرگت نەبینم، زەرد یا سیا بێ
|
خێزانی ماڵێ ئارەزووت دەکەن
|
مەیلی هاتنی زووبەزووت دەکەن
|
دۆعای گەیاندبووم «عەزیزی مامەش»
|
زۆرم پێ خۆش بوو، لە دڵم بڕا غەش
|
لە نێو مامەشان مەزن «عەزیز»ە
|
سوارێکی شۆڕ و شۆخ و تەمیزە
|
ڕان و ڕکێفی دەڵێی ڕۆستەمە
|
لە مەیدانێدا شێری بێ غەمە
|
دۆستی و ڕاستی و هەم عەهد و وەفا
|
هەرچی خووی چاکن، بە بابی بڕا
|
تا نێوی کوردان بە چاک بمێنێ
|
حەسەن لەلاوە نێوی وی دێنێ
|