ڕۆژێ بە عەزمی شکاری نێچیر
|
کردمە شانم تفەنگی پێنج تیر
|
خەریتەو چەتاڵ ئەسبابی شکار
|
پۆشام بە باڵا لە سەرتا بەخوار
|
چوومە شکارگای جاری جارانم
|
خۆم خستە حاشار بۆ نێچیرانم
|
لە ناکاو گورگێ ڕێگەی لێگرتم
|
بە قەسدی خواردن یەخەی پێگرتم
|
دەستم لە کار دا هەڵمەتم بۆ برد
|
دوو سێ فیشەکم بۆ ڕەوانە کرد
|
بە زۆری گوللە گورگم کرد هیلاک
|
مێشکی تێکەڵ بوو لەگەڵ خوێن و خاک
|
کە دیم بێچۆکەی خەیلێ غەمگینە
|
لە داغی بابی دڵ پڕ برینە
|
دڵم نەیهێنا بێچولەی هەژار
|
هەر وەکوو بابی بکەم گرفتار
|
هێنامەوە ماڵ بە کەشک و پەنیر
|
بە گۆشتی برژاو بە قەیماغ و شیر
|
پەروەردەم ئەکرد بێ سزاو زەرەر
|
تا وەکوو بابی بوو بە هەڵمەتبەر
|
نازانم داغی کوشتنی بابی
|
لە دڵیا ماوە و هەروا لە یادی
|
لە بۆ حەقی خۆی وا فرسەت بینە
|
بۆ قەساس سەندن هەر لە کەمینە
|
ناغافڵ وەک مار ئاڵا لەڕانم
|
پڕ دەمی بڕی لە گۆشتی گیانم
|
ئاخ لە بۆ کەسێ دەسی کەوت دوژمن
|
ڕەگ و ڕەچڵەکی دەربێنی لە بن
|
گەورە نەکوژی و بچووک جێبێڵێ
|
ببێ بە ئاگر بەربێ لە خێڵێ
|