ڕۆژێ بە ڕێکەوت لە بازاڕ گەڕام
|
تووشی کوڕێ بووم خاوەن ئەقڵ و فام
|
شیرین گفتوگۆ و باڵا نەونەمام
|
بەبێ ئیختیار لەلای هەڵوەستام
|
***
|
نزیکی کەوتم زۆر بە چالاکی
|
چوومە تەماشای ڕوخساری پاکی
|
دیققەتم لێ کرد زۆر بەبێ باکی
|
دیم لە گوێچکەیا نیشانەی چاکی
|
***
|
ئەڵقەی گوارەی شێوە تەڵا بوو
|
لای گەردن بە گوێی هەڵواسرابوو
|
نەقش بوو داوی نەقش و ئیملا بوو
|
سەد هەزار دڵی بۆ موبتەلا بوو
|
***
|
پێم نا بە جەرگی خۆما دەستوبرد
|
لە ئەڵقەی گوێیەی سوئالم لێ کرد
|
وتم پێم بڵێ ڕۆڵەی بێچوە کورد
|
سەد کەسی وەک من لە مەراقا مرد
|
***
|
کوڕم نەدیوە گوارە لە گوێ بێ
|
ئەم قاعیدەیە ئاخۆ لەکوێ بێ
|
تایەفەی ئێوە ڕەنگە کە جوێ بێ
|
یا ئەم ئوسووڵە ئوسووڵی نوێ بێ
|
***
|
زۆر بە نەزاکەت هات بە لامەوە
|
بە لوتفی شیرین جوابی دامەوە
|
کەوتە گفتوگۆ بە ئارامەوە
|
ئەباری شەکر بە کەلامەوە
|
***
|
وتی باوکی من وەجاخی کوێر بوو
|
لە پارە و موڵک و سەروەتا تێر بوو
|
ڕۆژ و شەو دایم خەریکی خێر بوو
|
شەوقی هەر لەسەر ئەولادی نێر بوو
|
***
|
دایکم چۆتە سەر شێخێکی مەشهوور
|
زۆر گەورەترە ئەو لە پیر مەسوور
|
وەختێ تەوافی ئەکا لە حوزوور
|
ئەگەڕێتەوە بە کەیف و سروور
|
***
|
ئیتر ئەو شەوە من چوومە حەرەم
|
هیچ درۆی نییە بەبێ زیاد و کەم
|
هەڵقەی غوڵامی ئەو چۆتە گوێچکەم
|
نابێ لایبەرم یا خود گومی کەم
|
***
|
بۆ شەخسی زیندووش ئەگەر وەها بین
|
خاوەنی شەرت و عەهد و وەفا بین
|
زەحمەتە تووشی دەرد و بەڵا بین
|
بۆ گەورە بەندە و بۆ بچووک چا بین
|
***
|
پیاوی گەورەمان نایەتە بەردڵ
|
تاکوو ئەو ڕۆژەی ئەچێتە ژێر گڵ
|
ئینجا بۆی ئەگرین بە جۆش و بە کوڵ
|
گۆڕەکەی ئەکەین بە باخچە و بە گوڵ
|
***
|
موفتی قسەی تۆ ساغە و ڕووبەڕوو
|
حورمەتی زیندووش بگرە نەک مردوو
|
بازێ کە بەربوو لە دەستت دەرچوو
|
بۆ مردوو مەگری بگری بۆ زیندوو
|