ڕۆڵەم وەرە گوێ بگرە قسەم چەندە حەزینە
|
سەیری دڵی بێچارە کە هەر کاری گرینە
|
بۆ تۆیە لە فکری شەرەف و ڕێگەیی ژینە
|
بابێ کە لە شەرعایە لقی مەزهەب و دینە
|
واعیز لەسەر ئەم فکرە لە من دایمە بەقینە
|
گوێ مەگرە لە واعیز نییەتی عیلمی ژیانت
|
هەوڵێ بدە بۆ سنعەت و بۆ ڕێگەیی نانت
|
سازش کە لەگەڵ ڕۆژ و لەگەڵ چەرخی زەمانت
|
مەردانە بژی چش لە دەس و زەحمەتی شانت
|
بێ فلسی و بێ نانییە هەر مردن و شینە
|
ڕەنجێ بدە تا گەنجی لەبۆ حاڵەتی پیری
|
نانت کە ببێ حوڕ بی لە ژوور خان و ئەمیری
|
گەر پرسی لە من بۆ چی وەها زار و زویری
|
نایزانی چ دەردێکە کوڕم دەردی فەقیری
|
بێ سەیری دەروونم کە هەموو زام و برینە
|
وەختی قووەتم سەرسەریی و جاهل و بێکار
|
سووڕامەوە وەک وەحشیی و دێوانەیی ناودار
|
نەمزانی بەرەنگارم ئەبێ ئاخری ئازار
|
ئەمڕۆکە لە خەو دوورم و هوشیار و خەبەردار
|
ڕیشم سپی و لاشەکەشم تازە بێ تینە
|
تێفکرە لە دنیا پڕی ئاشووب و بەڵایە
|
پاک هەوڵ و تەقەللایەتی هەر قەومێ لەلایە
|
بەعزێ بە هەوای میللیی و بەعزێ بە غەزایە
|
بۆ گرتنی خاکی ئەم و ئەو بەزم و هەرایە
|
ئەم جەنگە لەسەر تۆیە لەبۆ خاک و زەمینە
|
دواکەوتە و ژێرکەوتە بەبێ سنعەت و حیکمەت
|
کەوتوونەتە ژێر باری کەشاکەش بە مەشەققەت
|
تاپۆیە لە سەریانە بەشی گرتن و زیللەت
|
بیناسە چ قەومێکە یەخەی گرتووە وەحشەت
|
قەومێکە خەواڵوو سەری هەر چەسپی سەرینە
|
موفتی لە عیراقا کە وەها ناوی بڵاوە
|
بێ سەروەت و بێ موڵکە نە نانێکە نە ئاوە
|
بێغایەپەرستی لە غەما پشتی شکاوە
|
ناوبانگی لە پێنجوێن و هەتا بەسرە و فاوە
|
مەمنوونی گەلاوێژە کەمەربەستەیی ژینە
|