من کە ڕۆڵەی کوردەکانم، تورک و تارم بۆ چییە
|
تا برای پشتیم ببێ یاری لە مارم بۆ چییە
|
تا کڵاشی بن چنی ژێر مەحکەمی خۆم دەس بدا
|
قۆندەرەی تەسک و تروسک و لار و خوارم بۆ چییە
|
تا کتێبی وەسفی خاکی کوردسان ئینشا ببێ
|
وەسفی رُکن آباد و نەهری ڕوودبارم بۆ چییە
|
تا سەبیلی زەرد و سووری فیتکە دوری خۆم ببێ
|
فڵتە فڵتی نێرگەلە و تۆپی سیغارم بۆ چییە
|
شەربەتی هەرمێ لەت و دۆشاوی شوکەم دەس کەوێ
|
ئارەق و تریاکی هەر وەک زەهرە مارم بۆ چییە
|
نەی کە شومشاڵە عەزیزم سەد گرامافۆن ئەژی
|
سۆزی شمشاڵم ببێ من عود و تارم بۆ چییە
|
ڕانک و چۆخەم دەس کەوێ چیمە لە فاسۆن و حەریر
|
جاوی خۆماڵیم ببێ چیتی توجارم بۆ چییە
|
بانی خێڵان ئاوەدان بێ بۆ قەڵەم بۆ کوردەکان
|
تازە ئیتر ئۆچی پیسی بەد نیگارم بۆ چییە
|
تا ببێ بەفراو و مێرگ و چیمەن و ئێڵاخی خۆم
|
ئاوی سوێر و دڕکە زەردەی گەرمەسارم بۆ چییە
|
تا تەماشای قامەت و لەنجەی کچی کوردم ببێ
|
حۆری و غیلمانی سۆفی مفتەخوارم بۆ چییە
|
تا هەژارێ نکتەگۆ وەک قانعی پەیدا ببێ
|
دەفتەری ئەفسانە کۆنی پڕ لە عارم بۆ چییە
|