ڕۆڵە هەر کارێ ئەکەی هۆشت نەبێ بێ بەش ئەبی
|
عیلم و عەقڵت گەر نەبێ وەک سەرسەری سەرکەش ئەبی
|
هەم لەبەر چاوی ئەم و ئەودا بەجارێ ڕەش ئەبی
|
هاودەمی زانا بە ئەمجا وەک سنەوبەر کەش ئەبی
|
***
|
بێ مەحەک هەرکەس ئەبینی ڕازی دڵتی لا مەکە
|
بۆ قسەی پووچ و درۆ هەرگیز لەگەڵ کەس ڕا مەکە
|
تا نەکەی تۆ تەجرەبەی خەڵکی بە کەس بڕوا مەکە
|
عومری شیرینت بەبێ نەفع و سەمەر بەربا مەکە
|
***
|
غەیری عیلم و پارە فریای دەردی تۆ قەت ناکەوێ
|
شێت و وەحشی دەرئەچی ئەم دوو شتە گەر ناتەوێ
|
مەردە هەرکەس وا لە فکری هەر دوو دائیم ناخەوێ
|
خاوەنی سەروەت لەژێر باری گرانا ناتەوێ
|
***
|
قیمەت و بێ قیمەتی سنفی بەشەر هەر پارەیە
|
شێر بە گوێ بگرێ کەسێ نەیبێ ئەڵێن بێکارەیە
|
قارەمان و فەیلەسووفی بێ فلس ئاوارەیە
|
هەر فەقیر و بێنەوا و دیل و کز و بێچارەیە
|
***
|
پارە لێفەی عەیب و عار و ئالەتی سڕپۆشییە
|
پارە ئەسبابی سروور و زینەت و دڵخۆشییە
|
پارە دەرمانی نەخۆشی و عاجزی و بێهۆشییە
|
هەرکەسێ پارەی نەبێ ئیشی نەتیجەی بۆشییە
|
***
|
با بزانی کێیە ئەشراف و نەجیب و خانەدان
|
دەوڵەمەندی پارەدار و خاوەنی لیرە و قڕان
|
ئەمڕۆ تەکلیفی ڕەوایە لای وەزیر و میر و خان
|
با نەزانن هیچ بڵێن و دانیشن هەر بێ زمان
|
***
|
با بە کورتی پێت بڵێم قایم ئەکا ئیمان و دین
|
هەروەکوو لوقمان ئەکا دەرمانی سەد زام و برین
|
لائەدا جەردە و دز و وەحشی لە ڕێگەی دەسبڕین
|
گەر حەجیشی کرد ئەبێتە معتمد للمسلمین
|