ڕەببی تۆ بۆ چی منت ڕیسوا کرد
|
لە موڵک و میللەتت منت جیا کرد
|
بۆچی بە جارێ کەسیفت کردم
|
لە فەیز و ڕەحمەت موفلیست کردم
|
تانەی ئەغیار کەوتووە بە بار
|
بە دڵی حەزین لێت ئەکەم هاوار
|
شیفای دەردم لای تۆ مەوجودە
|
لە دنیا و ئاخر هەر تۆم مەقسودە
|
بەحری کەرەمت بۆ نایەتە جۆش
|
زەڕەیەک بەخشی بە منی بێهۆش
|
گەرچی من عاسی و خەجاڵەت بارم
|
ڕوو زەرد و مەحجوب زۆر شەرمەزارم
|
لە موڵکی تۆ دام هەر لەوێ ئەمرم
|
بە ڕووی ڕەشەوە دیوانت ئەگرم
|
غەرقی عسیانم دێمە حزوورت
|
بۆ تاوانبارە ئیسمی غەفوورت
|
خوایە بە جاهی شای بوراق سوار
|
خۆشبە لە جورمی مەزڵووم ی هەژار
|