ڕەحمێکی خودا بێنە دڵ ئەی ڕۆحی شیرینم
|
دوا گیانمە فەرموو قەدمێ بێنە سەرینم
|
دەستێ بخە سەر جەرگ و دڵی زام و برینم
|
بەو دەستە بلوورینەوە کۆتا کە گرینم
|
بەو ڕوومەتی دەرکەوتنی تۆ جەژنەمە قوربان
|
ئەو ڕۆژە کە لێم غائیبی غەم بۆتە قەرینم
|
ئەم ڕۆژە لە چاوم ون ئەبی زەرد و زەعیفم
|
هەرچەندە نزیکم ئەکەوی سوور و سەمینم
|
جانا سەبەبی دووری و شیرینیی تۆیە
|
فەرهاد سیفەت و کۆهکەن و ئەلبیسە شینم
|
بنواڕیە ئاوێنە لە ئازارم ئەزانی
|
تەدبیری دڵی ڕێش و لە سەد جێوە برینم
|
سابیر کە گوڵی ڕوومەتی تۆی دی قەسەمی خوارد
|
فاریغ لە گوڵ و گوڵشەنی فیردەوسی بەرینم
|