کچێک نابینا بێبەش لە چاوان
|
کەوتە سەر خەیاڵ دەرچێ لە باوان
|
شووی کرد بە پیاوێ بێ دەستی هەژار
|
کاتێ کەوتنە یەک لە کاتی بەهار
|
بۆ بەهارێ تر ژن زگی پڕ بوو
|
بۆ باری زایین کەوتە هاتوچوو
|
کاتێ زا کوڕێک هەر وەک بەرخی نێر
|
سپی و خەرپۆڵە وەک قاشی پەنێر
|
کوڕی بەخێو کرد بە دەس تێ کوتان
|
بەو بێ چاوییە کوڕی پێ گەیانن
|
ئەیوت باوانم هێزی دڵەکەم
|
لەباخی ژینا تاقە گوڵەکەم
|
خەم ئەومە نییە کە من بێ چاوم
|
لە دنیای ڕوونا تەواو داماوم
|
من چاوم ناوێ سەیری دنیا کەم
|
سەیری کۆمەڵی خزم و برا کەم
|
یا خۆ تەماشای مێگەل و ماڵات
|
یا خۆ سەیرانی کوێستان و باغات
|
بۆیە وا دائم زار و زەبوونم
|
ئەگاتە فەڵەک قرچەی دەروونم
|
نازانم ڕۆڵە پارچەی بلووری
|
ڕەشی یا سەوزی، سپی یا سووری؟
|
ئاخ تەنیا تاوێک چاوم ببوایێ
|
سەر تا پای باڵای تۆم پێ بدیایێ
|
پاش ئەوە مردن لەلام زۆر خۆش بوو
|
چوون لە گۆریشدا هەر تۆم لە هۆش بوو
|