کزەی دەروون
دواوانەکەی شوێن ماڵەگەورە | سەرەو خوار ئەڕۆی بە پێچ و دەورە |
تۆ بە ڕووناکی وێنەی بلووری | ئاوی زیندەگی گشت شارەزووری |
ئەناڵم ئەڵێم: تۆ وەک ئاوێنەی | بۆ شوێن دەستکردی کردگار وێنەی |
بۆچ پێم نانوێنی وێنەی فتوغراف | وێنەی شیرینی نازدارانی جاف |
نموونەی دەستی پەروەردگار بوون | بە دەوری تۆدا گوڵی بەهار بوون |
بە شەدەی لار و کراسی کەتان | وەک مانگ «کەتان» ی جەرگیان ئەسووتان |
وەک مانگ بە شەدەی تاریکی دەیجوور | بورجی ڕەشماڵیان پڕ ئەکرد لە نوور |
شەوی مانگەشەو ئاوایی خەوتن | لە دوای سرەوتن کاتی تێکەوتن |
ئەو لەش و لارە بە شڵپەی مەلە | دڵی دڵداریان ئەخستە پەلە |
ئای بۆ «پەری خان» نازداری جافان | ئاهووی زەڕباهووی عەنبەر کڵافان |
ماڵە بەگزادە و سیڕەی سەماوەر | ڕووی ئەو ڕووبارەی وا ئەگرتە بەر |
دەنگی نەکیسا و بەزمی خوسرەوی | لای مەحموودپاشا ئەکەوتە نەوی |
ئاوازی سەقر و باز و باڵەبان | حیلەی مایینی جنسی کەحیلان |
ئەمانە هەمووی خوا دابووی بە جاف | حوکمدارێک بوون بێ لاف و گەزاف |
لەم دواییەدا خۆ «ناهیدە خان» | شا خانمێک بوو بەلاو دیوەخان |
شوێنی دوو «پاشا» ی پڕ کردبوەوە | گرەوی لە ڕوحی چەرخ بردبوەوە |
توخوا ئاوەکەی بۆن گوڵاوەکە! | بۆ سەرچاوەکە کەمێ لا وەکە |
بڕوانم ئاخۆ جامی فتوغراف | نیشانم نادات شێوەی ئێلی جاف |
نە! ئەو دەبدەبە و سەرئەوسەر ئاوە | ئێستە ئەفسانە و نەخشی سەر ئاوە |
ئەم دڕک و داڵە و ئەم قەل و داڵە | ماونەوە لە شوێن ئەو گەورەماڵە |
نازداران بوونە ماسی دواوان | بە بۆمبای ڕاوکەر کەوتنە سەر ئاوان |
لە تاوەی جەوری چەرخی چەپگەردا | ئەوان ئەسووتێن منیش لە هەردا |
وێڵ و ئاوارەی ئێلی مرادیم | نزیک لە مەرگم دووریش لە شادیم |
بۆ بازی مراد هەر «قەیسەر قوومە» | بەختم شوومە و باز کەوتە وەیشوومە |
من بۆ ئێل ئەگریم مات و دڵخەستە | ڕستی خیوەتی بەگزادە «ریستە» |
لە شوێن سەرمەلا و ئەڵڵاهو ئەکبەر | «کاری» کار ئەکا و «ستریت بە جوکەر» |
ئێستا کە ڕێی کۆچ گوشادە و ئاسان | کوا سەرئێل کۆچی لێ خوڕی بۆ کوێستان |
1944
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|