کوردستانە بێشەڵانی شێرەکەی مەیدانمە
|
خاک و بادی نیشتمانە بێشکەی لاوانمە
|
کوردسانە مەکتەبی ویژدان و هەم عیرفانمە
|
دڕک و داڵی کوردسانە سۆسەن و ڕێحانمە
|
گەرمەسیری کوردسانە شەربەت و فنجانمە
|
کێو و کوێستانی وڵاتی کوردسانە جەننەتم
|
خاکی خاوەن ڕزقی کوردە دایکی پڕ شەفەققەتم
|
ئاوی سارد و نانی زۆر و نیعمەتی بێ زەحمەتم
|
کەی وەکوو خەڵقی لە خاکی خەلقەدا پڕ مەینەتم؟
|
هەر ئەڵێم ئاوا بێ یاڕەب جەننەتولعەدنانمە
|
قەسری فیردەوسی بەرینە باخی هەنجیر و هەنار
|
خاوەنی حەوز و حەیات و مەڕمەڕ و جۆگە و چنار
|
کەوسەرم جۆگەی دەڵینە یا بناری سەرچنار
|
چەمچەماڵ و بازیانم مەسکەنی شیرین سوار
|
بێ تەماشای شارەزوور کە چاڵی دەخڵ و دانمە
|
«فەخری ڕازی» بی بەبێ کەس حورمەت و قەدرت نییە
|
سەد کروورت بێ کە خۆت ماقووڵ نەبی سوودی چییە؟
|
موڵکی بێ خاوەن عەزیزم هەر وەکوو داری بییە
|
با کەوانیش خۆش بپێکێ موزتەری لوێی ژییە
|
کوا پیاوێ تێبگا لەم شێعرە بێ مەعنانمە؟
|
قانعم ئەسپی خەیاڵم چەندێ تر سەرگەرم ئەبێ
|
مشتەری ئەشعارەکانم قەڕنێ تر بێ شەرم ئەبێ
|
ئەی ئەسەف هەر تاکوو بەردی ڕەق تەواوی نەرم ئەبێ
|
چەند هەژاری دڵ خەیاڵی داخڵی سەر تەرم ئەبێ
|
من ئەبێ چی بکەم کە ئێستە ئارەزووی مەیدانمە؟
|