کوردینە! ئەوڕۆ ڕۆژی گەپ و کەیف و شادییە
|
لەو نیعمەتەی کە بۆ مە ستالینە حامییە
|
دەستی وەدەس مە داوە، کە چیدی لەدەس نەچین
|
بانگمان دەکا کە ئێرە، جێگەی ئیتمینانییە
|
ئەو میللەتە ڕەشیدە کە یۆڵداشی وای هەبێ
|
بۆ قەلع و قەمعی هەرچی ئورووپایە، کافییە
|
کوردینە! موژدە لێوە، کە چیدی زەلیل نەبن
|
میر جەعفەریش بە ئەمری وی، بۆ ئێمە هادییە
|
ئوستادی وا مەزن دەبێ شاگردی وای هەبێ
|
تەئسیری دەرس و مەشقی وییە هێندە چاکییە
|
جومهووری سۆڤیەتی بەدەنێکە سەلیم و ساغ
|
مۆسکۆی سەرە، ئەمیری لە باکۆیە چاوییە
|
ئەو یەکیەتی و موحەببەتی نێو ئەفسەرانی وان
|
سوێندی دەخۆی کە پاک برای دایک و بابییە
|
بۆ شارەزایی ڕێگەیی حەق ڕەهبەری یەکن
|
بۆ دەفعی دوژمنی وەتەن هەریەک فیدایییە
|
هەر کامەکی دەبینی، دەڵێی چاکیان ئەوە
|
دوور بن لە چاوەزارێ، ئەوەش بەختی کوردییە
|
هەر کەس دەپرسی «کاکە! چلۆنن لە جێگەتان»
|
خۆشبەخت و شاد و دڵخۆش و مەمنوون و ڕازییە
|
وا چاکە بۆ مە هەر چی بڵێن بەقسەیان بکەین
|
هەرکەس وەدووی ئەوان کەوێ بێشک نەجاتییە
|
مەئیووس و زیزە شاعیر و نەوزانی قەدری وی
|
وەک شێرەکی لە جەنگەڵی قەفقازێ یاغییە
|
بەیداغی سوورە ئەوڕۆکە چاوسوور و پشتیوان
|
کەروێشکە شێر لەکن مە، هەڵۆ وەک مراوییە
|
ڕووسوورە هەرکەسێ کە قزڵ ئۆردووە پەنای
|
بۆ مە ئەوە بەسە کە پەنای دیکەمان نییە
|
قوربانی پێشەوایەکی وا بۆ نەبێ حەسەن؟
|
ڕەفتاری چاکی وانە بە ئەمر و قسەی وییە
|
تەبریکی فەتحی تازە، دۆعای خێری بۆ دەکەم
|
بۆ ئەو ڕەفیقە گەورە کە وا بۆمە حامییە
|
بۆ چی زمانی دایکی لە ئێمە مەنع کرا؟
|
ئەو هێندە، زوڵم و زەحمەت و فەرق و جوداییە
|
یا دەرکراوی مەوتەنە، یا حەبسی بێ گوناهـ
|
کوردێکی مەزن و عاقڵ و مەردی حیسابییە
|
هەر ماڵە کوردەکی کە دەچووی، دەتدی شیوەنە
|
ئەوڕۆکە هەر دێیەک کە دەچی سەیر و شایییە
|
چەن خۆشە کوردەکان! کە دەبینم بە جلکی خۆو
|
پشتێند و پێچ و پەستەک و چۆغە و سۆرانییە
|
ئەوجارەکەش نەمردم و دیتم بە پڕچەکی
|
شیر و دەمانچە، خەنجەر و بوڕنووی نیزامییە
|
قوربانو بم، وەرن ببنە دۆستی یەکتری
|
زۆر عەیبە ڕێگری و دزی، کارێکی چا نییە
|
خەڵکی دی دڵخۆشن بە جێگە و مەوتەنی خۆیان
|
بۆ چی ئەمە نەخۆینەوە لەو چۆم و کانییە؟
|
هێندێکی بۆ عەراق و بۆ سمنان و دامەغان
|
دەستێکی بۆ شیراز، کە جێی شێخی سەعدییە
|
دەکرانە دیل و بوونە ئەسیری لەنێو عەجەم
|
هەورامی، سابڵاغی و ئێلی جەلالییە
|