کوڕ بەبێ شک هەوری تاڵە هەر وەکوو پەروینە کچ
|
کوڕ وەکوو خاشاک و خارە سوسەن و نەسرینە کچ
|
بۆ نەخۆشی دەردی عوششاق دوکتوری شافی کچە
|
کوڕ وەکوو هەنگی دڕندە شانەیی هەنگوێنە کچ
|
خوێن ڕژانن مەیل ئەکەی فەرموو وەرە سەر سەیری کوڕ
|
دڵ بە ڕەحم و لاشە نەرم ونازک و ڕەنگینە کچ
|
کچ کە کەوتە ڕاوە کوڕ ئاسانە کوڕ گرتن لەلای
|
بازی تەڕلان و تەوار و واشە و شاهینە کچ
|
کوڕ کە زۆر چاک هەڵکەوێ فەرهادە یا مەجنوونی شێت
|
کچ لە پەردەی عیسمەتا لەیلایە یا شیرینە کچ
|
گەر حەوا نەبوایە ئێستەش ئادەمی بوو بێ وەجاخ
|
بۆ زیادی ئادەمیزاد مایەیی تەئمینە کچ
|
هەر کەسێ مەیل و خەیاڵی حیفزی ئیسلامی بکا
|
بۆ بەخێوی باخی ئیمان هەر وەکوو پەرژینە کچ
|
کچ کە وەختێ کوڕ ئەبینێ قانعی پەیدا ئەکا
|
جا کەوا بوو کوڕ بە هیچ و قابلی تەحسینە کچ
|