ئیختیساسی زاتی فەردە، کۆمەڵەی حەمد و سوپاس
|
پێی عەتا کردووین عەزیزم نیعمەتێکی بێ قیاس
|
ئەرز و ئاوی زۆری پێ داوین هەتا شوکری بکەین
|
نەک سەری عاسیگەری بەرزۆ بکەین وەک خوانەناس
|
غیرەتت بێ، مەسنەدت تۆزێ تەرەققی پێ بدە
|
کوردە ئامان! قەت مەبە ڕازی بە توونچی یا کەناس
|
کورد و خاکی کوردسانە دایک و کۆرپەی شیرەخۆر
|
کۆرپە هەرگیز قەت لە داک و بابی خۆی ناکا هەراس
|
دوێ لە خەوما هاتفێ زۆر وازیحی فەرموو بە کورد
|
بۆچ وەها بێدەنگ و ماتن ئەی گورۆهی خواشناس!؟
|
تا بە کەی ئەم جەهل و فەرقە؟ تا بە کەی بەزمی نیفاق!؟
|
تا بە کەی بێ قەدر و عیزز و، تا بە کەی بوون بێئەساس!؟
|
بێ نەتیجەس ئاهـ و ناڵەی قانعی سەوداسەرم
|
چونکە شێخ فەوتانی عەقڵی میللەتی ڕووت و کەساس
|