گەر هەرایێ بێ لەناو کوردستان
|
یاریدەی پیاوان ئەدەن کیژ و ژنان
|
سەنگەر ئەگرن، شەڕ ئەکەن، مێرد و کوڕان
|
نان و ئاویان بۆ دەبەن دایک و کچان
|
یەک لە پیاوان لێ درێ، ژن زوو بەزوو
|
دەیڕفێنن، دەینێنە سەرکۆڵ و شان
|
دایکەپیرە زامەکەی تیمار ئەکەن
|
دەیبەنە دێ بۆ نەخۆشگەی دیدەوان
|
بۆ ئەوەی پیاوان هەموو بۆ شەڕگە چن
|
وا دەبینی دۆتەیی شێخ بۆتە شوان
|
کیژی ئاغا و بەگ بەلەنجە و لارەوە
|
خۆی لە ناچاری دەبێتە باغەوان
|
وا کناچەی، ڕیش سپیی گوند و مەلا
|
یەک لەسەر بێستانە، یەک ساوە لەوان
|
هەرچی کاری کوڕ بێ، کچ سازی ئەکا
|
تا لەبەر دوژمن نەبن تەنگا و، ئەوان
|
شەڕ کە هاتە دەس بەیێخە و قایمە
|
جێ دەمێنێ باغ و ساوە و کەپر و ڕان
|
مێیینە بڕ بڕ بۆ جێی شەڕ ڕا ئەکەن
|
نابێ لەو چاخە لە هیچ کەس ترسی گیان
|
خوێش و خەڵک و مێرد و خێزان پێکەوە
|
تێدەکۆشن هەر وەکو خوشک و بران
|
تا وەکو دوژمن شکست ئەخوا تەواو
|
شەڕ ئەکەن بڕ بڕ ئەدەن هەوڵ و دەوان
|
هەر کە دوژمن سەر فرۆ بوو، شاد ئەبن
|
پیاوەکان دیل ئەگرن و، تاڵان کوڕان
|
ئافرەت زامدار و کوژراو خڕ ئەکەن
|
کاکە وو ڕۆڵەی شرین و بابیان
|
لەم شەڕی شێرانە چۆن سەرکەوتوون
|
نابیستێ هیچ کەس گرین و دەنگیان
|
شادی وو بەزم و زەماوەن، هەڵپەڕین
|
هەر لە ئێوارە گڕ ئەدرێ، تا بەیان
|
ئەی ئەسیری میللەتێ وا بێ ژنی
|
تێبگە ئینجا چلۆنە پیاویان
|