کەسێ بەختی سەعیدی بێ دەبێ حازر لە دیوانت
|
مەلازی مەنزڵی تۆیە نەسیبی وی لەسەر خوانت
|
کە قووتی ڕۆحە مێهری تۆ لەسەر سەفحەی مەحەببەتدا
|
هەمیشە حازری وەقتە، جەسەد بۆچ بێتە میوانت!
|
میسال تای چینی زولفی دڵبەرە «تاچین پڵاو»ی تۆ
|
لە دوور هەر دانەیێکی دڵ هەزاران دێنە پێشخانت
|
زریشکی ڕەشکی خاڵی دڵبەر و حەسرەتدەری میشکە
|
لە زیرەی عەتربێزی ڕێزەڕێزە جەرگی کرمانت
|
وەکوو ئارەق لەسەر کوڵمی نیگارین یاری گەندمگون
|
برنجی ڕەنجبەری کوردانە دانەی کەوتە سەر نانت
|
تەواوی ڕانی بەرخێکی کە بەرخێکی تەواو دێنێ
|
بە سەد مەڕ ڕابرا ئەوڕۆ لەبەر چاوی دۆعاخوانت
|
کەلامی بامەزە و خوڵقی خۆش و شیرین کیفایەتمە
|
بڵێ با دانەنێن قەنداو و دۆ، لابەن نمەکدانت!
|
لە زەرد و سووری سەر دەوری، بەجارێ دڵ سپی بۆوە
|
لە ڕەغمی زەعفەران ڕەش هەڵگەڕا ڕەنگی ڕەقیبانت
|
کە قاوە قاو دەکەی، تاڵیی میزاجم چا دەبێ شیرن
|
فیدای قەندی لەبت! ئاوی بەقا دەڕژێتە فینجانت
|
دەلیلی عاقیبەت مەحموودییە مەحموودە هاوخوانم
|
کە وەک شاپووری خوسرەو وایە بۆ تەدبیری کارانت
|
نەکیسا و باربەد وا چاکە بۆ ئەو بەزمە حازر بن
|
لە بەزمی خوسرەویی، مەحموودخان! کوا دەنگی جارانت؟
|
هەوای «حاجی عەلی کەند»ت لەبۆ دڵ، بوو عەلی سینا
|
شەڕارەی دەردی دڵ تەسکینە ئاو و خاکی «دەرمان»ت
|
هەمیشە «حافز» و «سەعدی» بەڕۆحانی دەبن حازر
|
ئەگەر «خان» و «حەسەن» بێن و بخوێنن نەزمی شیعرانت
|
«نیزامی» نەزمی بەرهەم، «ئەنوەری» نووری نەما شیعری
|
کە سەدری ئەنجومەن ئەوڕۆکەیە تەبعی سوخەندانت
|
لە عیرفان زایدە «عورفی»، «سەنایی» نەزمی مەزموومە
|
«کەلیم» ئەوڕۆ کەلامی موهمەلە، زاهیر کە عیرفانت!
|
لە مەیدانی سەعادەت بوو، نەسیبی من سەعادەت بوو
|
بە عینوانی مەدیحی تاوبەتاوێ دێمە مەیدانت
|
کەلامی من وەکوو شیعری فڵانی بێ سەر و پێ نین
|
بکەم تەقتیعی ئەوزانی، یەقین ڕاست دێتە میزانت
|
دەڵێن هەر کەس کە سفرەی بێ، بەهەشتی جێیە، ئەوڕۆ تۆ
|
بە نەقدیی ساکینی خولدی لەسایەی جووتە جیرانت
|
لە هەرجێ، بۆ هەموو کەس جوودی تۆ بێ میننەت و مەنعە
|
وەکوو سەیلی بەهارانە سەخای وەک هەوری بارانت
|
«عەلی»! مەشهوری شارە من کە «سەیفی» زولفەقاری تۆم
|
هەمیشە «یا عەلی»مە، گەر قەبووڵم کەی لە شیعانت
|
ئەوا هات عیدی قوربان شوکری لیللا، خۆشی خۆشیمە
|
کە حەججی ئەکبەرە بۆ من کە وا خۆم کردە قوربانت
|
هەتا موژگان، لەبۆ دیدە ببن حافز لە دیتن دا
|
لە ئەمر و نەهیدا تا ڕاست و چەپ بن تیغی موژگانت
|
لە ڕاست و چەپ بڕۆن سەف سەف سەوارانت لە دوویی یەک
|
هەمیشە حافزت بێ بۆ حەوادیس لوتفی یەزدانت
|
هەموو عالەم لە نیک و بەد بە حیسسەی خۆی دەکا شوکرت
|
لە وەقتی بەزلدا گەر سەروەرا! دەس بەریە گیرفانت
|
کە تۆی ئەوڕۆ لە زومڕەی موخلیسانی شاهی شەمسەددین
|
دەلیلێکی تەواوە بۆ تەواویی نووری ئیمانت
|
کەلامم خۆش و شیرینە لە نۆشانۆشی بەزمی تۆ
|
خوسووسەن، گەر دەکەم ئەندەک بەیانی فەزل و ئیحسانت
|
هەتا حەڵقەی دۆعا و تەهلیل و خەتمن ڕۆژ و شەو دایر
|
لە دنیا و عاقیبەت یار و موعین بێ شەمسی بورهانت
|
هەتا هەڵبێ لە مەشریق ڕۆژ و ئاوابێ لە ڕۆژاوا
|
هەمیشە ماڵت ئاوا بێ، پەنات بێ شەمسی بورهانت
|
لەلام تەرکی ئەدەب کفرە، ئەمن تەرکی ئەدەب ناکەم
|
لەبەروەی بوو کە ڕاوەستام لە کن «میسباحی دیوان»ت
|
فزوولی ئاوری شەیتانە، هەوای شەیتانی قەت ناکەم
|
لە بابەت ئاوی «خۆش گەلدی» لەسەر خاکی «ڕەحیم خان»ت
|
«سمایل بەگ» لەگەڵ من کەی شکستی کاری وی فەرموو؟
|
لەبۆ خدمەت «ئەدەب» ئەوڕۆ «حەسەن» هەر وەک «حسێن خان»ت
|
کە «کانی قوڵقوڵە»ی تەبعم لە بەندی عەوق ئازادە
|
ڕەزام مەدح و دۆعایە بۆ عەزیزان و مەریزانت
|