کەسێ غەوواسی بەحری عیلم و عەقڵ و فەزڵ و جەوهەر بێ
کەسێ غەوواسی بەحری عیلم و عەقڵ و فەزڵ و جەوهەر بێ | دەبێ سینەی سەفینەی عەزمی وەک سەددی سکەندەر بێ |
کەسێ مەیلی خەزێنەی گەنجی ئەسراری نیهانی بێ | دەبێ مەردی تەعام و حەوتخوان و شێری ئەژدەر بێ |
کەسێ تالب بە نێو و شۆرەت و ڕوشد و شەجاعەت بێ | دەبێ ئامادە بۆ شەمشیر و تیر و زەربی خەنجەر بێ |
کەسێ مەیلی بە بەردان و بڕانی خوێنی فاسید بێ | دەبێ ئەووەڵ قەدەم ڕازی بە ئێش و نێشی نەشتەر بێ |
چ باکێکی لە تیر و تەعن و لۆمەی یار و ئەغیارە | کەسێ عاشق بە تاقی قەوسی ئەبرۆی یار و دولبەر بێ |
چ کارێکی بە وەعز و مینبەر و میحراب و مزگەوتە | کەسێکی موڕشیدی مەیخانە یا ڕەند و قەلەندەر بێ |
کە من ڕووتم بە من چی گەر لیباسی عالەمی دنیا | هەموو دیبا و ئەتڵەس یا نە داراب و موجەستەر بێ |
کە من نەقدی دوکانم بوو بە ئەسکیناسی ئیفلاسی | بە من چی گەر هەموو کەس ساحیبی یاقووت و گەوهەر بێ |
کە من شەمعی ئومێدم کەوتە نێو فانووسی زوڵمانی | بە من چی گەر چرای عالەم هەموو وەک ڕۆژی ئەنوەر بێ |
کە من شاهی وجوودم ماتی بەیتولحوزنی وەحدەت بێ | بە من چی گەر هەموو دنیا نیزام و تۆپ و عەسکەر بێ |
کە من جامی شەڕابم پڕ لە ژەهری مار و ئەقرەب بێ | بە من چی شەربەتی تۆ پڕ لە شیر و شەهد و شەککەر بێ |
لە خەتتی موستەقیمی قەلب و قالب من کە مەحڕوومم | بە من چی گەر کورەی عالەم موحەددەب یا موقەععەر بێ |
عەزیزم عەزم و هیممەت شەرتە بۆچی هیندە مەئیووسی | دەبێ «شاعیر» قەوی قەلب و مەتین و سینە دەفتەر بێ |
This work is now in the public domain in Iran, because according to the Law for the Protection of Authors, Composers and Artists Rights (1970) its term of copyright has expired for one of the following reasons:
In the following cases works fall into the public domain after 30 years from the date of publication or public presentation (Article 16):
|