کە تۆ بەخشیت و جنێویان پێدای
کە تۆ بەخشیت و جنێویان پێدای | ئینجا بزانە کە مەردی خودای |
ئەگەر پیاو خراپ هات مەدحی کردی | ئەوسا بزانە کە تۆ نامەردی |
کارخانەی بەشەر هەمووی ڕەنگ ڕەنگە | بۆیە کوڕ لەگەڵ باوکا بە جەنگە |
خوا بیویستایە خۆش خوو خۆش سروشت | یەک قاڵب هەمووی وەک یەک دادەڕشت |
ئەگەر خوا ئەوی بەو نەکوشتایە | جێ نەدەما لەم تۆزە دنیایە |
بە کەس حەل نەکرا ئەم گفتوگۆیە | هێندە دەزانم بۆ کەیفی خۆیە |
هیتلەرێک دێنێ ئەیکا بە «سَفّاک» | خۆی سەیری ئەکا بێپەروا و بێباک |
ئەم هەموو خوێنەی پێ ئەڕژێنێ | پاش چی! دەماری ئەویش دەردێنێ |
دنیای وێران کرد بە لەقە و گازێ | ئەم هەموو نازیەیش هەر بەو دەنازێ |
ئەڵێن هار چل شەو ئەژی، کوا وایە؟ | دە، چلەیشی چوو! لە برەودایە |
بەڵام تا یازدەی تەمووز ئەمێنێ | ئەوسا ئیزرائیل گیانی دەردێنی |
بزانین ئەوسا چیتر دەقەومێ؟ | وەک خۆی دەمێنێ ئایا هیچ قەومێ؟ |
ڕۆژێ بایەزید هات خۆی هەڵکێشا | خەرقە شڕەکەی لە شەت هەڵکێشا |
ئاگری دۆزەخی ئەکوژاندەوە | خەڵکی لە یەکتر ئەڕەواندەوە |
وەلەکێ قامچی دا لە قولەپێی | جەرگی پێی ئێشا و ئازار، گەییە پێی |
وتی جەهەننەم با تیژ بێ تاوی | تەڕ و وشک تێکڕا بکەونە ناوی |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 601 و 229
1940/06/20
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|