کە من خەمخۆری یارانم یەقین قەت خەم بە با نادەم
|
وەکوو تووتی شەکەر خۆرم چ مەیلی خۆم بە کا نادەم
|
وەکوو جێ پێ بەبێ بان و دەر و دیوارە کاشانەم
|
کەلاوە کۆنی وێرانەم بە قەسری پادشا نادەم
|
کە من ئوستادی سەرمەشقی وەفادارانی عالەم بم
|
دڵی خاوێن و بێ کینەم بە زوهدی پارسا نادەم
|
منی بوڵبوڵ بناڵێنم لە کوردستانەدا بۆ گوڵ
|
شەهادەی مەکتەبی عشقم بە ئیمزای ئەوروپا نادەم
|
لە گۆشەی زاوییەی خەمدا بگریەم بۆ بەجێ ماویم
|
دوڕی فرمێسکی گریانم بە لوئلوئی شەوچرا نادەم
|
دڵی خونچەی نەپشکوتم لە سینەی تەنگ با تەنگ بێ
|
هەناسەی عەتری ئەفکارم بە سروەی بای سەبا نادەم
|
ئەیا ئەی عاشقی فلس و فیداکاری مەڕ و مێگەل
|
بزانە قەدری مەعنای خۆم بە پارەی ناڕەوا نادەم
|
ئەوا پاراوی جەرگم کرد بە یەکجاری لە خوێنی دڵ
|
شەرابی خوێنی خۆم قانع بە بیرەی بێ بەها نادەم
|