کە ناوی زۆر کەس بە خراپە بەری
کە ناوی زۆر کەس بە خراپە بەری | ئەوسا پێت ئەڵێن لە عالەم بەری |
نەخوازەڵڵا بۆ قەوم و قیلەی خۆت | ئەبێتە تفی بەرەو بایی بۆت |
هەرچی نەتوانی بیڵێی ڕووبەڕوو | مەیڵێ، نامەردیت لێ ئەبێ بە خوو |
ئەوەی پاشملە جوێن بە خەڵک ئەدا | پێی ئەڵێن ژنە لە ژێر پەچەدا |
خوا بۆیە پیاوی داناوە نێر بێ | دووڕوو، دوودەکە هەرچەندە شێر بێ |
کۆلارە ساڵێ نێرە و ساڵێ مێ | بۆیە حورمەتی نییە هیچ دەمێ |
هەر شێرە هەڵمەت ڕووبەڕوو ئەبا | بڕوانە عالەم ناوی کوو ئەبا |
بچۆرە ژێر بارێ کە پێت هەڵگیرێ | پارووی زل مەکە لە بین ئەگیرێ |
ئەندازەی هێزی قورگت نەناسی | ڕۆژێ ئەخنکێی بە دڕکی ماسی |
ئێستر کە تۆڕ بوو کەوتە لەقە و گاز | باری قورس ئەکەن لە دەمە و هەوراز |
وڵاخ بارکێش بێ و ڕێی لێ نەشێوێ | خاوەندی مەنێ جۆی بۆ دەپێوێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 814
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|