گردەکەی سەیوان مەڵبەندی جوانان
|
خانەی ئاخری گشت نەونەمامان
|
لەلات میوانن لە پیر و لە جوان
|
حورمەتیان بگرە بە دڵ و بە گیان
|
ئەو ئەرخەوانەی کە لێت ڕواوە
|
بە ئاوی خوێنی جگەر تێراوە
|
دەمێ ئەپۆشێ ڕەنگێکی سووری
|
دەمێ بە سەوزی تارا ئەگۆڕی
|
ئاخری تارای زەردی ئەپۆشی
|
شەرابی خوێنی جگەر ئەنۆشی
|
ڕەنگی سوور گۆنای نەوجەوانانە
|
سەوزی نیشانەی تەعزیەدارانە
|
ڕەنگی زەردییەکەت پاییز نیشانە
|
لە دووری ئازیز گەڵاڕێزانە
|
گەڵا زەردەکەت لێی هەڵئەوەرێ
|
لە خوێنی دڵە پەڕەی جگەرێ
|
دیسان بەی فەڵەک چەرخی بێوەفا
|
خەجاڵەتباری بارەگای خودا
|
یارێ لە یارێ دوور ئەخەیتەوە
|
برینی کۆنە تازە کەیتەوە
|
چەرخی نابەکار هەر غەزەب بێنێ
|
ناودارێ لەدەس کوردان بسێنێ
|
قەڵەم دەخیلتم خێرا ئازانە
|
مێژووی وەفاتی حیلمی بزانە
|
قەڵەم هاتە جواب بە قوڵپی گریان
|
بە پیتی ئەبجەد هێنایە مەیدان
|
بە لاوانەوە بە لای لایەوە
|
مێژووی وەفاتی وا هێنایەوە
|
یاری باوەفای گیانی گیانیم ڕۆ
|
کوردی نەوجوانی کوردستانیم ڕۆ
|