گفتوگۆی قانع و خوڕماڵ

گفتوگۆی قانع و خوڕماڵ (1953)
by قانع
307186گفتوگۆی قانع و خوڕماڵ1953قانع
ئەی شاری خوڕماڵ دەسکاری شاهان یادگاری دەورەی، حشمەت پەناهان
خەزێنەی مێژوو بۆ کوردەواری نیشانەت دیارە کە کۆنە شاری
ئەم حەوشە و حەسار ئەم دیوارانە ئەم بورج و قوللەی سەر کۆسارانە
ئەم ڕیزی بازاڕ زەمانەی قەدیم ئەم گەچکارییە بە ساغ و سەلیم
ئەم شوورای قایم هەتا پۆپەی شاخ ئەم ئاساری زەڵم تەقسیماتی باخ
ئەم ئەشکەوتانە کە هەڵکنراون ئێستە چۆڵ و هۆڵ لە خێو جێماون
دیارە کە جێگەی شەهریارانی وامەندەی دەوران ڕۆزگارانی
من سوێندت ئەدەم بە قوڵنگی فەرهاد بە کورەی کاوە بە ڕەنجی قوباد
کێ تۆی بینا کرد کێ تۆی کرد بە شار؟ کێ لە گیتیدا ناوی نای خوڕماڵ؟
ئەمە چەن ساڵە کەوا وێرانی؟ لەمن خرابتر زەدەی زەمانی
کام ڕەشەبای سەخت جەوری بێگانە خاپووری کردی بووی بە وێرانە؟
کام هێزی دوژمن بەربادی کردی؟ کام پەنجەی ستەم لەناوی بردی؟
کام گێژەڵووکەی چەرخی چەپ کردار؟ کام دەردی دەوران لە ڕووی ڕۆزگار؟
کام هێرشی شەڕ کام لەشکری جەنگ؟ کام هجوومی زۆر شەوی شەوەزەنگ؟
کام تیر، کام کەوان، کام گورزی گران؟ کام دەس، کام بازوو، کام سەر دلیران؟
قوڕیدا بەچاو کوردەواریدا کوشتنی لەژێر بوردەباریدا
وەرامی داوە پایتەختی کوردان وتی ئەی قانع وێڵی سەرگەردان
***
وەرامی خوڕماڵ
هەژاری مەزڵووم مەجنونی بێ لەیل لەمن خرابتر دەروون لە خەم کەیل
کە لە «سیامێوە» پادشای کوردان قوبادی فیرووز هاتە ڕووی مەیدان
شارەزووری کرد بە مەڵبەندی خۆی خەرجی جوانڕۆش ئەهاتەوە بۆی
تەختی هەورامان هەتا ژاوەڕۆ کوێستانی لهۆن هەتا گاوەڕۆ
ئەترافی سنە هەتا بەرازان سەرشیوی سەقز دەشتی مەریوان
ئەمانییە تەواو هێنایە ژێر دەس بوو بە ئەمیری گوێی نەدا بە کەس
ناوی ئەمارەت کەوتە ناو کوردان ئەویش هاتە ڕیز باقی هاوسەران
کە وەختێ قوباد نۆبەی تەواو بوو «کڵۆڵ» ی کوڕی کەوتە هاتووچوو
ناوی کەوتە ناو لە ڕووی دەورانا بوو بە چرایێ لە کوردستانا
هەتاکوو نۆ پشت میری میران بوو لە کوردستانا شێری شێران بوو
تا سورخاب هەڵکەوت بوو بە شای تەواو ئاڵایی هەڵکرد ناوی کەوتە ناو
گشت کوردستانی هێنایە ژێر دەس بێباک و نەترس هەروەک شێری مەس
لە خوتبەی جومعە ناوی خۆندراوە دەروازەی شادی بۆ کورد کراوە
لە «سیامێوە» وەگوێزایی و خوڕماڵ بۆ پێتەختی خۆی چاک کردی بە شار
حەساری کێشا بەدەوری شارا قەڵا و قەڵاچە لە ژوور و خوارا
بەرزی حەساری شەش میتری تەواو بەگەچ و جاڕوو بەبەردی تاشراو
هەر بەین دوو گوریس قوللەیەک دیارە بۆ پاراستنی وار دەوری شارە
خێزانی پاشا لەبەر ئاوی سارد لە چاوگەی «زەڵما» ڕایان ئەبوارد
ئەو شاخ و داخە و ئەو کەژ و کێوە کە ئەڵێی جێگەی جنۆکە و دێوە
کردیان بە خانوو باڵەخانەی جوان نزیک بوو تەلار بگاتە ئاسمان
نازانم وەسا چۆن ڕاوەساوە بەو شاخە سافۆ بەردی داناوە
لە دەورەی «سورخاب» تا «خان ئەحمەد خان» لە شاری «زەڵما» بوون بە حوکمڕان
بنچینەی نژاد تایفەی بابان ئەچنە سەر ڕەگەز «بابا ئاردەڵان»
ئەم دوو تایفە هەردوو هەر یەک بوون خاوەن قەڵەم و خاوەنی چەک بوون
بەواتەی مێژوو تەواو کوردستان مڵکی «بابانە» و «بابا ئاردەڵان»


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).