کۆرپەی نازەنین! گوڵخونچەی بەهار!
|
وەنەوشەی چیمەن، شەوبۆی لانزار!
|
بێچووەئاسکەکەی سارای کوردستان
|
سەرتەقەکێشی پۆلی چاومەستان
|
دایکی دواڕۆژ، نازاری باوان
|
لە خوا ئەخوازم دوور بی لە چاوان
|
ئۆغرت بەخێر، خەیاڵت کوێیە؟
|
دیارە کەرەسەی خوێندنت پێیە
|
کێژۆڵەی نازار، گوڵخونچەی سەر چڵ
|
گڵۆپی نیشتمان، ڕوومەت تۆپی گوڵ
|
ڕاستم پێ بێژە کە تۆ کچی کێی؟
|
لە کام شار، کام دێی؟ لە کام ماڵ، کام جێی؟
|
وەڵامی مەهاباد
|
مامۆستای دڵسۆز! شاعیری کوڵۆڵ!
|
وێڵی بیابان، هەردەی چۆڵ و هۆڵ
|
نەوەی شێخ مەحموود، کچ شێخ لەتیفم
|
خزمەتگوزاری جنسی زەریفم
|
باوکم لە ڕەگەز ئەحمەدی کاکە
|
کە بۆ دینداری، لە گێتی تاکە
|
دایکم لە خانان سەرحەدنشینە
|
بەگزادەی بانە، ئیختیاردینە
|
مێژوو شاهیدە ئیختیاردینی
|
دووهەزار ساڵە وانە ئەیبینی
|
گاگا سەربەخۆ ئەژیان لە نیشتمان
|
گاگا ئەکەوتنە ژێر دەس فارسەکان
|
تایەفەی باوکم مەشهووری شارن
|
هەتا پێغەمبەر لە عام دیارن
|
ناوم مەهاباد پۆلی یەکەمم
|
بۆ خۆم و هۆزم دڵ پڕ لە خەمم
|
بۆ خۆیندن ئەچم بۆ قوتابخانە
|
بۆم بەیان کردی زۆر چاک بزانە
|
وەڵامی قانع
|
بۆچی کیژۆڵە، ئێوەیش ئەخوێنن!؟
|
بۆ پێشکەوتنتان غیرەت ئەنوێنن!؟
|
وەڵامی مەهاباد
|
بەڵێ مامۆستا، زۆر چاک ئەخوێنین
|
ڕیشەی نەزانی لە پنج دەردێنین
|
خوێندن بۆ کچان فەرزی تەواوە
|
چونکوو کچ دایک کوڕانی لاوە
|
لە کۆش ئێمەدا کوڕان پێئەگەن
|
خزمەتی گەل و نیشتمان ئەکەن
|
گەر ئێمە خۆمان نەخوێندەوار بین
|
وەک ژنانی زوو کز و بیمار بین
|
کوڕمان کە زل بوون بێعەقڵ و فامن
|
چونکە پەروەردەی دەستی عەوامن
|
هەر دایکێ کە خۆی چاک خوێندەوارە
|
ئەڵبەت کوڕەکەی زرنگ و هۆشیارە
|
گەر دایکەکانمان خوێندەوار ئەبوون
|
ئەولادەکانیان وا هەژار ئەبوون!؟
|
مەعلووم هەر کوڕێک بە جنۆکە و دێو
|
بە هاڵ و شەوە و شەولەبان و خێو
|
پەروەردە بکرێت قەت بە هیچ نابێ
|
هەتا قیامەت ئەبێ هەر وا بێ
|
بێشک هەر دایکێ کە خۆی زانایە
|
کوڕێکی زانا دێنێتە کایە
|
بە شیری ڕاستی بەخێوی ئەکا
|
بۆ فیداکاریی گەل هانی ئەدا
|
وەتەن نافرۆشێ بە فلس و دینار
|
هەڵنامژێ خوێنی فەقیر و هەژار
|
مامۆستا! ئێمە لە دەس دەرچووین
|
لە خەفەت نیشتمان تەواو مردووین
|
خزمەت نیشتمان لە سەر ژن و پیاو
|
هیچ فەرقی نییە وەکوو یەک تەواو
|
بە تۆفیقی خوا، چینی دوایی
|
نیشتمان دەردێنن لە ژێر ڕیسوایی
|
نایەڵین هەرگیز ببن بە جاسووس
|
بە پارەی دوژمن بفرۆشن نامووس
|
ئەیاندەین بە کوشت لەسەر حەقی گەل
|
تا هەوارگەیان ئەبەنە سەر کەل
|
گەر ئێستە کوڕان خایەنی هۆز بن
|
خەتای دایکیانە، دەک ئەولاتر چن
|