گفتوگۆی کورد و کوردستان

گفتوگۆی کورد و کوردستان (1966)
by عوسمان عوزێری
302954گفتوگۆی کورد و کوردستان1966عوسمان عوزێری
کورد:
هۆ دایکی بەرز و ئاواتی گیانم دایکی شێرانی ئێستا و جارانم
دایکی دڵسۆزی باوک و باپیرم هێزی سەپان و ڕەنجبەر و میرم
نووری بینایی و هێزی ئەژنۆمان کزەی جگەر و دڵەی پڕ سۆزمان
توخوا بۆ وەها ڕەش و شینپۆشی بۆ وا خەفەت و گریان ئەنۆشی
ئایا چی بووە چیت لێ قۆماوە بۆ وا یەکجاری ڕەنگت گۆڕاوە
ئێمە هەتاکوو دواتۆزی لەشمان ئێسک و پرووسک و چاو و کەللەشمان
خوێنی ناو لەش و شیرینی گیانمان لەززەتی دنیا و ماڵ و مناڵمان
لە پێناوتا بەختە تا ماوین بۆ سەربەستیی تۆ وەها داماوین
جا تۆ و فرمێسکی وەکوو بارانت تۆ و مەرگی کۆرپە کۆچکردوەکانت
بۆ وا هەمیشە مەلوول و پەستی چی وا دڵی تۆی خستە شکستی
کوردستان:
ڕۆڵە مەپرسە بۆچی شینپۆشم یان بۆ هەمیشە ئازار ئەنۆشم
هەمووی بۆ تۆیە ڕۆڵەی شیرینم وەها بەجارێ نەماوە تینم
لە کاتی گەنجیم ڕۆڵەی شێرم بوو دوژمنترسێن و دەنگ دلێرم بوو
ترس و لەرزینیان لە ڕەشاش نەبوو چاویان لە پارە و لە شاباش نەبوو
لە هەرکەس تۆزێ بوومایە دڵگیر لەتلەتیان ئەکرد بەوێنەی هەنجیر
لەپێناوما تا دوا جووڵەیان بۆ خۆ و ئافرەت و کۆرپە و ڕۆڵەیان
خۆیان بەخت کرد بێ درۆ و پەستی بۆیان ئەخواستم ڕۆژی سەربەستی
منیش تا مردن هەر وان لە یادم مێژووی ئەوانە کە پێی دڵشادم
بەڵام ئەی ڕۆڵە بێینە سەر ئێستا پیر و لێکەوتە و هیچ هێزم نەما
چونکە سەیر ئەکەم وا ڕۆڵەی خۆمە من بۆ بەرزیی ئەو ناڵین و ڕۆمە
کەچی بە دزی لەچکێ لە دەسماڵ یا چی دەست کەوێ لە شتی ناوماڵ
ئەچێ ئەیفرۆشێ بە بێگانەکان بۆ گلاندنی پارووی چەور و نان
بەڵام ئەوانە دوژمنپەرستن بە چڵکاوخۆریی دەرماڵان مەستن
منیش نەفرەتم گشت لێ کردوون وەهای دائەنێم کەوا مردوون
بە کلکەلەقێ هەموو سەرخۆشن جگە لە دزیش زمان ئەفرۆشن
ئەڵێن کەی ئێمە کوردمان ناسیوە؟ مێزەر و کڵاش ؟! قەت نەماندیوە
ئێستاکەش کەوا هەر ئەناڵێنم جێپێ لەقەکەی ئەوان ئەبینم
بەڵام ئەی ڕۆڵە ئێوەش وەکوو من ئەوانە بخەنە ڕیزەکەی دوژمن
ئاواتی گیانم ئێوەن کە ماون ئێوەن کە بۆ من گلێنەی چاون
هەوڵ بەن کەوا سەربەست و شاد بن وەک شێری بێشە ئازا و ئازاد بن
خۆڵەمێشی ناو ئاگردانەتان مەگۆڕنەوە بە باسترمەی ڕان
کورد
دایە گیان وتەت وەک نەخشی بەردە بەڵام بۆ وەها ئاخت پڕ دەردە...؟
ئەوەی کە ئەیڵێیت، هیچ خەمت نەبێ یەکەم نێچیری شۆڕشمان ئەبێ
چونکە هەر وەکوو سوێندمان بۆ خواردی هەتا نەگەینە ڕۆژی ئازادی
چاومان وەنەوزی ناکەوێتە سەر هەر ئەبێ دوژمن دەرپەڕێتە دەر
کوردستان
تەمەندرێژ بن بۆ دایک هۆزتان ببووژێننەوە یانەی پیرۆزتان
هەر چاوەڕوانم چاوم هەڵهێنم ئێوە لە دەورم ئازاد ببینم
منیش سەرلەنوێ ئەبمەوە بە جوان ئەچمەوە دۆخی جارەکەی جاران
کە بینیم ئێوە خەندەی بەختیاری بۆ من ئەهێنن بە یادگاری
لەگەڵ گۆزەڵە خوێنی ئازادی کە یادگارە بۆ مێژووی مادی


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).