بە دڵ گوێ ڕاگرن تۆ خوا، ئەیا ئەهلی سلێمانی
|
بەیاناتی وڵاتم کەم، لە پاش عەرزی سەناخوانی
|
لە غوڕڕەی مانگی زیلحەججە، تەمی خەم خێوەتی هەڵدا
|
بە سەر میر و مەلا و شێخ و بەگ و سۆفیی مەریوانی
|
شکا شیشە، ڕژا مەی، هەڵفڕی مورغی فەرەحمەندی
|
بە سەر چوو دەوری ئیسراحەت، لە دەس کارمەندی تارانی
|
خەجاڵەت بن هەموو، ئیشی نیفاقی بەینی خۆیان بوو
|
کە قەسری جەننەتەلمەئوا برا عەیشی بە تاڵانی
|
ئەمە مەقبووڵی قانوونی تەعەسسوب چۆن ئەبێ، ئێمە
|
زەلیل و ئێوە مەشغووڵی (...)انی کانی ئاسکانی!
|
وەرن ئەی ئەهلی تەئریخی قەدیمی، بیر لەمەوپێش کەن
|
نەژادی کوردی چەن دوورە لە ڕشتەی کۆنی ئێرانی!
|
ئەگەر مردن بێ، با وەک یەک، ئەگەر دەرچوونە وەک یەک بین
|
مەگەر ئێمە مەسیحین و نەژادی ئێوە عیمرانی!؟
|
دەوای ئەم دەردە پڕ ئێشە، لە پێشا کۆمەکی عامە
|
لە لای مەئمووری بیرتیژ و هەموو زانای سلێمانی
|
لەبۆ نەشری شکاتی میللەت ئیمڕۆ لە عالەمدا
|
جەنابی «زێوەر»ە بێ شک وەکیلی کوردی ئێرانی
|
سکووت بێ چاترە قانع لە ترسی ئەجنەبی، بۆچی؟
|
هەموو ئیشێ ئەبەسرێتۆ بە ڕەحم و لوتفی یەزدانی
|