دیسان دێمە سەر نووسینی ئەشعار
|
دەردی دڵی خۆم چاک ئەکەم ئیزهار
|
قەرارم وا بوو نەیەمە گوفتار
|
بەڵام نایەڵێت چەرخی چەپ کردار
|
ئەبێ بنووسم یەکێ لە هەزار
|
تەماشا ئەکەم چەرخەکەی گەردوون
|
کەر ئەکا بە شا، شا ئەخاتە توون
|
چەندە نەوجەوان ئەکا سەرنگوون
|
لەیلێ بۆ ئەغیار شیوەن بۆ مەجنوون
|
بەش وەها ئەبێ کۆنەی بەد کردار؟
|
سەرداری سەر تەخت ئەکەی بە بێ سەر
|
بێ سەر ئەبەیتە ڕیزی تاجوەر
|
خوێنی چەن مەزڵووم ئەدەی بە هەدەر
|
بەرگ ئەدەی بە مەڕ، کێر ئەدەی بە کەر
|
ئافەرینت کەن دەوری ڕۆزگار
|
من هەر زوو زانیم کە دوون پەرەستی
|
تۆیش بەوێنەی من بێ بادە مەستی
|
دایم خزمەتکار ڕەزیل و پەستی
|
شەو و ڕۆژ خەریک کەڵەک و بەستی
|
بەڵکوو فەقیرێ بخەیتە ژێر بار
|
چەرخە داوەشێی بێ خان و مان بی
|
لە من خرابتر تۆ سەرگەردان بی
|
گیرۆدەی دەردێ بەبێ دەرمان بی
|
نان خۆری درگای خانەقایان بی
|
ببی بە عیبرەت لە بازاڕ و شار
|
چەرخە دەک پیر بی وا منت پیر کرد
|
بە کەس ناوێری منت ئەسیر کرد؟
|
هەسێرەی منت لە گۆما گیر کرد
|
منت کرد بە شێت ئەحمەقت ژیر کرد
|
وەعدەی من و تۆ دیوانی غەففار
|
گاجووت ئەکەیتە سەردەسەی ئەعیان
|
ئەدەی بە ڕێوی نەعرەتەی شێران
|
یابوو ئەبەیتە ڕیزی سەرداران
|
تاکەی چەپگەردی؟ ماڵت بێ وێران
|
ئەکەی بە پێشەنگ دێڵە کەمتیار
|