سەیری کە! چەرخی کۆنە چلۆن شاڵ و جاو ئەکا
|
دوژمن بە ڕۆحی سێبەرە، مەیلی هەتاو ئەکا
|
مێ باز و مێ پەرستە موعینە بە ئیشی مێ
|
هاوڕەزمی شیری بێشەیە قەتڵی پیاو ئەکا
|
پیرە ژنێ وەهایە بە سەد مەکر و چابلووس
|
خۆ گیرە، خۆ فرۆشە، لە گشت کەس سڵاو ئەکا
|
بەم پیرییە چ مناڵە، لە بۆ ڕەنگی ئاڵ و واڵ
|
ڕەنگ ڕێژە کووپە کانی، لە قەلبی شکاو ئەکا
|
گاهێ سەری لە هیچەوە، ئەیداتێ تەخت و تاج
|
گاهێ سەری لە تاجەوە، بە تپڵی دڕاو ئەکا
|
بەڕی نییە لە شاخەدا جنگدارە وەک پڵنگ
|
بەحری نییە لە بەحرەدا ئیشی سەراو ئەکا
|
کەبابچییەکی چ شۆخە، بەڵام دڵ ئەدا لە سیخ!
|
قیمەی کەبابەکانی، لە جەرگی بڕاو ئەکا
|
دەوران وەکوو خەیاتە بە مقرازی هاتوچۆ
|
جلدووری چاکە کەواکەی لە لاشەی دڕاو ئەکا
|
قانع بە دەستی چەرخەوە وا مات و سەرکزە
|
بێ هێز و بێ تەکانە لە ماری کوژراو ئەکا
|