سەیری چەرخی چەرخە کۆنە چۆن بە ناڕاستی گەڕا؟
|
ڕەحم قەت ناکا بە موفلیس، شەرم قەت ناکا لە شا
|
نیمچە سووڕی دا لەسەر مەیلی مەلا مفتی هەزار
|
لای بەلای شێخی تەریقەت کردەوە بوو بە هەرا
|
ئێستەکەش وا هاتە سەربازاڕی قووەی کارەبا
|
زیکری زاهد تێکەڵە با سینەما باسی نەما
|
ڕوو لە لوقمانی زەمانە وەرگەڕێ ئەیکا بە کەر
|
کلکی کەر بەرزۆ بکا ئەیکا بە لووتی ئارد بەبا
|
کەوتە سەرباری غەزەب چەن پادشای کرد بە هەتیو
|
هاتە سەرباری کەرەم چەن هیچ و پووچی کرد بە شا
|
گێژەڵووکە و گەردەلوولی دا بەسەر قاجاریا
|
کەوکەبی سەد ناسری هاوێشتە ناو گێژی فەنا
|
بۆ برووزی جەوهەری ڕێوی ئەفەوتێنێ پڵنگ
|
پشتی شێری کرد بە جێگەی نیشتنی دێڵە بەبا
|
هێندە عەکس و دوون پەرەستە بۆ نەبوونی قانعی
|
ڕیشە کێشی کرد بەجارێ دەبدەبەی شێری خوا
|