گوناهیش ئەکەی با پەنهانی بێ
گوناهیش ئەکەی با پەنهانی بێ | با نەزانی تۆ، کەس نەزانی بێ |
کە جارێ ناوی خراپیت زڕا | هیوای باوەڕی خەڵکت لێ بڕا |
کابرایە جارێ درۆی کردبوو | درۆزنێ بوو، ئاگر لە ماڵ چوو |
عیززەتی نەفسی خۆیشت مەشکێنە | واز لە تەمەننای ئاوێنە بێنە |
ژووری زستانە پڕ فەرش ئەکرێ | میوان قۆندەرەی قوڕی پێ ئەسڕێ |
برسێتی ڕەگی هاری پێوەیە | کەچی ڕەمەزان هەر لە جێوەیە |
برسی وا هەیە کە لە داخی خوا | ئەگەر ڕەمەزان بێتە لای ئەیخوا |
هی وایشمان هەیە هەشت نۆ نەوع تەعام | لەبەر دەمیایە و پێی دەڵێ بێ تام! |
لەزەتی خواردن هەر لە دەمدایە | لە «دیزەڕەشدا» هەر یەک هەوایە! |
ئاخ ئەرکی دیزەی ڕەشمان نەبوایە | کێ بە کێی ئەگوت ئەمە پاشایە؟ |
خۆزگە حەکیمێ بە دڵسۆزییەوە | چارەی برسێتی ئەدۆزییەوە |
ئەوسا نە «هیتلەر» ئەم شەڕەی ئەکرد | نە بۆ نان کەسێ لە برسا ئەمرد |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 685
1942/10/08
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|