گوڵێک شیرینتر لە خونچەی بەهار
گوڵێک شیرینتر لە خونچەی بەهار نازکتر جوانتر لە شەوبۆی نازدار | |
گوڵێکە ناوی گوڵی سەربەستی | مەردە ئەو گەلەی بگاتە دەستی |
گوڵی سەربەستی ئەی هێزی گیانم ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەی ژیانم | |
تۆم نەبی هەرگیز ناحەسێمەوە | بێ بۆنی خۆشت نابووژێمەوە |
بام تەنیا هەر تۆ شاگوڵی من بی سەرچاوەی سۆزی بە کۆلی من بی | |
شیعرت پیا هەڵدەم بە زوبانی خۆم | بڵێم دەمێکە بە دڵ شەیدای تۆم |
بۆ چی ڕەنگی تۆ وەکوو خوێن سوورە هەر هۆزێ کە تۆی تیابێ جەسوورە | |
دیارە تەلیسمی بەرزی ژیانی | گەلێک کێش ئەکەی بۆ کامەرانی |
بەڵام نرخی تۆ ئێجگار گرانە کڕیارت کوشتە و جێگەی زیندانە | |
سەرم بەخت ئەکەم تۆی پی ئەسێنم | کە تۆم دەسکەوتی سەربەرز ئەنوێنم |
یاران ببینن ئەم کەژ و دەشتە ئەم لالەزارە کە وەک بەهەشتە | |
ئەو گوڵە خونچەی تیا نەکاتەوە | کوردیش گرەوی خۆی ناباتەوە |
1948/10/30
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|