گوێ لە پیران و باپیران بگرن
گوێ لە پیران و باپیران بگرن | لە هەر خەسارێ پەندێ وەرگرن |
دەستێ نەتوانی بە زۆر بیبڕی | ئەبێ ماچی کەی، بە چاو بیسڕی |
ئەگەر «تەناسوخ» ئەسڵی ببوایە | بهاتنایەوە سەر ئەم دنیایە |
ئەشیا زەرەرمان لە هەرچی دیبوو | بۆی نەچووینایە، هەروا زووبەزوو |
بەڵام بەنیادەم هێندە لاسارە | گوێ ناداتە ئەم تەجروبە و کارە |
خۆ نەخوازەڵا، ئێمەی خۆش باوەڕ | کە بۆ گەورەکان بووین بە بارەبەر |
چۆنمان لێ خوڕن ئەو ڕێیە ئەگرین | دوایی هەر خۆمان بۆ خۆمان ئەگرین |
خۆ ئەدەین بە کوشت گشتمان بەرەودوا | ئەڵێن: بە دەردی خۆی مرد، با بڕوا |
بە خەنجەر چووینە سەر سوپای دوژمن | پێیان ئەگوتین: «بە کۆمەڵ بمرن» |
لەوەیش ڕزگار بووین، دیسان نەسرەوتین | لە جاران زۆرتر، ڕەدوویان کەوتین |
وا «بڕووخێ»یشمان تاقی کردەوە | بەس بێ ئیتر ئەم پیشە و کردەوە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 976
1949/08/11
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|