گوێ گرە لەم گفتوگۆیەم ئەی گەلی بێداری کورد
|
تاکوو حاڵی بی لە ئەوزاعی زەمان دەرباری کورد
|
ناڵەی کورد وا گەیشتە مونتەهای ئەوجی فەلەک
|
نەمدی فریا کەوتوویە ڕۆژێ بەدەم هاواری کورد
|
کورد ئەبێ تاکەی بناڵێنێ بە ئێش و دەردەوە
|
کوا پزیشکێ چارە سازێ بۆ دەوای زاماری کورد
|
مەسڵەحەت وایە بمێنێ میللەتی کورد بێتەماع
|
تاکوو ئاڵۆز بێ بەجارێ شۆڕشی بازاڕی کورد
|
کوانێ ساحێب هیممەتێ، ئەی کۆمەڵی ئەمن و ئەمان
|
غیرەتی هەڵسێ، قسەی خێری بکا دەرباری کورد
|
هەروەکوو غەیر فەرموو، تەجهیزی دەمێ بۆ تەجروبە
|
ڕۆژی خۆی ئەمجا ئەبینێ قووەت و کرداری کورد
|
تەفرەقە لاچێ لەبەینا دەس بخاتە دەستی یەک
|
ئەیبینێ ئەو وەختە چۆنە هەڵمەتی تەیاری کورد
|
مووی مەردی لێت ڕوا بێ، نابی لایەنگری غەیر
|
دەک خواگرتوو بێ هەرکەس بیەوێ ئازاری کورد
|