هامسەران دەردێ هامسەران دەردێ
|
سەر داوە لە دڵ، یەک گران دەردێ
|
ئاخ بۆ دڵسۆزێ، داخ بۆ هامفەردێ
|
یا یەکێ وەک خۆم، هەناسە سەردێ
|
دەس کەینە مل یەک دانیشین بە هەم
|
تێکەڵ بکەین دەرد، خەم لە بانی خەم
|
من بۆ ئەو شیوەن، ئەو بۆ من زاری
|
بدەین بە سەردا بە بێ قەراری
|
بەر پا کەین مەجلیس زایەڵە و ڕۆڕۆ
|
واوەیلا خەینە سەحرا و کەژ و کۆ
|
شمشاڵژەن، شل کە پەنجە لە سەر نەی!
|
چۆپی چەمەری مقامی وەی وەی
|
دەروێش! تۆ دینت، بەرزۆ کە دەفت
|
بگرە کەمەی دەف، بە هێزی کەفت
|
لێ دە لە مقام چەواشەی چەپگەرد
|
چەپگەردی دەوران، ساحێب موهرەی نەرد
|
تارچی! تارمووسکت با ڕیشەی دڵ بێ
|
مقامێ بڵێ با دڵ خەجڵ بێ
|
خۆش خوانان بانگ کەن، هەڵکەنە «قەتار»
|
فەردی مەولەوی دانەی گەوهەربار
|
تەموورەی ناڵە و کەمانچەی گریان
|
دەهۆڵی حەسرەت، عوودی ئەلفوغان
|
هەر یەک لە بەزمێ، هەر یەک لە دەنگێ
|
هەر یەک هەوایێ، هەر یەک لە ڕەنگێ
|
سا بدەنە یەک، بەزمی نەقارە
|
ئارامتان نەبێ سوبح و ئێوارە
|
بەشکم ساکن بێ گڕەی دەروونم
|
ببرژێتۆ زام جەرگی پڕ خوونم
|
سەرم لە وەسواس میحنەت ئازاد بێ
|
قەڵای مەینەتم یەکسەر بەر باد بێ
|
ساتێ سەر بێنم وە بانی سەرین
|
بیر دەم وە کردار زەمانەی بەرین
|
یادێ کەم لە حاڵ یاری دوور وڵات
|
دوور کەوتەی گەردوون، ڕەهەندەی بیسات
|
دەماخم بە بای وەتەن ڕووناک بێ
|
ئایەنەی دەروون لە خەفەت پاک بێ
|