گیانە بەسیەتی
پیرەمێرد چەند میسرەعێکی ئەو هەڵبەستەی لە هەڵبەستێکی «وەلی دێوانە»وە وەرگرتووە.
گیانە بەسیەتی، گیانە بەسیەتی | توخوا بەسیەتی، دەرد و مەینەتی |
هەر هێندە دەبێ تووشی و نەگبەتی | قنیاتم تەنها ژاراوی پەتی |
لە نەحسی چارە و بەختی گومڕاهم | عالەم بێزارە لە ناڵە و ئاهم |
ئەجەل قولاپی گیر کرد لە جەرگم | نیشانم ئەدا نیشانەی مەرگم |
ئەوا هەناسەم کەوتە ژمارە | هێندەم نەماوە وا ئەمرم دیارە |
توخوا وەسیەتم ئەمەیە لە لات | بە یادی عەشقی بەندەی جان فیدات |
کاتێ کۆچم کرد بۆ هەوارگەی نۆ | ئاوام کردەوە مەنزڵگای گوڵکۆ |
ئەوسا دیار نابم لەبەر دەرگاکەت | چۆڵ ئەبێ لە من سایە و پەناکەت |
بزانە هەی لەیل قەیست مردووە | حەسرەتی ڕووی تۆی بۆ خاک بردووە |
من لەوێ تەنها پەژارەی تۆمە | چە باکی چۆڵی و ساردی گڵکۆمە |
تۆش سا بێ باک بە لە تانەی ئەغیار | وەرە سەر قەبرم بۆم بگری جارجار |
بڕوانە قەبرێک لە قەبران تاکە | بەردی وەک خەڵووز خاکی نمناکە |
ئەوە شەرارەی قرچەی تاسەمە | تەپە دووکەڵی شوێن هەناسەمە |
فیدات بم گیانە، من داغبردەی تۆم | توخوا دانیشە کەمێک لە گڵکۆم |
تۆزێک بۆم بگری گوێم لە دەنگتە | لەگەڵ فریشتەی منا جەنگتە |
دڵۆپێ فرمێسک لە چاوت تکا | بەو فرمێسکەی تۆ خوا عەفوم ئەکا |
تۆش وەفاداری لەگەڵ جوانی | بۆت ئەبێ بە ناو فەخری جیهانی |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|