وا دیسان گەردوون هاتە قین و قار
|
باران ئەڕژێنی وەک هەوری بەهار
|
ئاخۆ کام وڵات ئەکا یەختە سار؟
|
یا کام دڕک و داڵ ئەکا بەگوڵزار؟
|
ئیشی هەر وایە دەورانی غەددار
|
ساڵێ من دەم وشک تۆ تێر ئاو ئەکا
|
ساڵێ ویشکە دێم بە بەراو ئەکا
|
ساڵێ باش فەلا نان بڕاو ئەکا
|
ئاها، کە فەڵەک شاڵ و جاو ئەکا
|
لەسەر هیچ بارێ ناگرێ قەرار
|
کا ئەدا بەسەگ ئێسقان بە بارگیر
|
پیرێژن بۆ کوڕ کچ ئەدا بە پیر
|
پارە بۆ ڕەزیل دەس بڵاو فەقیر
|
وەحشی بەدڵ خۆش عاقڵ مەند و زویر
|
فەڵەک هەی نەژی لەڕووی ڕۆزگار
|
چەندە قین و قار ناحەق ئەنوێنی
|
دڵی چەند هەژار بێ هیچ ئەشکێنی
|
پشت لە پیاو ئەکا تا پیاو ئەدوێنی
|
بە چۆلەکەی حیز واشە ئەڕفێنی
|
دەک پشتت شکێ چەرخی چەپ کردار
|
تۆ هەر ئەو چەرخەی قەیست مەجنوون کرد
|
کەللەی فەرهادت وەجامی خون کرد
|
چەن نەوجەوانت تۆ سەرنیگوون کرد
|
خاکی کوردانت وە بێستوون کرد
|
سینەی خوسرەوت دڕی تا بە خوار
|
قانع لەدەس چەرخ چەپگەرد چی ئەکەی؟
|
هانا و هاوارت بۆ لای کێ ئەبەی؟
|
ئەگەر ڕاس ئەکەی تێکۆشە سا دەی
|
ئەم ڕێگە دوورە بەڵکوو بکەی تەی
|
بۆ کوردی مەزڵووم بکەویتە کار
|