گەرما ڕتووبەت لە لەش دەردێنێ
گەرما ڕتووبەت لە لەش دەردێنێ | سەرما دەست و پێی پیاو ئەتەزێنێ |
هاوینان دنیا پڕ لە میوەیە | زستانان بەفر بە کڕیوەیە |
ئەوەی سروشتی ساردە وەک زستان | تەزوو ئەخاتە ناو جەرگی ئینسان |
ئەوەی کە دڵی گەرمە و بەڕەحمە | لە ناو پیاوانا زینەتی بەزمە |
پیاو هەیە هێندە سارد و بێباکە | ئاگری جەهەننەم تینی تێ ناکا |
ئەڵێن «سەمەندەر» لە ئاگرایە | نەم دەگوت ڕاستە، ئەوم نەدیایە |
«بایەقوش»م دی، خوێندی لەسەر ماڵ | ئاگری تێبەر بوو، دایە کۆی زوخاڵ |
هێندێکیش چاوی پیسیان کار ئەکا | چاوی پیس کاری ژاری مار ئەکا |
چی دەبێ ئەگەر چاوپیسێ جارێ | «پەح» لە «هیتلەر» کا و بیخاتە خوارێ |
دوعا و نزای خەڵک تەئسیر نانوێنێ | مەگەر بۆمبای چاو هەڵیتەکێنێ |
وا عالەمێ مرد «هیتلەر» هەر ماوە | ناوی بە بەڵای خودا نووسراوە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 671
1942/06/11
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|