تا شوعاعی کوڵمی سوورت دەرکەوێ شەسپەڕ چییە؟
|
یا لە بەینی دوگمەوە سینەت ببێ مەڕمەڕ چییە؟
|
غەمزە بازی ئاسکەکەی دەرگانەکەت گەڕوو بدا
|
تازە ئەسپی هاڵەدار و یا ئوڵاخی لەڕ چییە؟
|
پەرچەمی بۆ عەنبەری زوڵفت ئەگەر زاهیر ببێ
|
نەرگسی بێ بەرگ و ڕووت و سۆسەنی بێ فەڕ چییە؟
|
شاهبازی چاوی مەستت چنگ بخاتە سەید دڵ
|
مژگرە یا کوندە بوو یاخۆ شەهێنی گەڕ چییە؟
|
گەر بەیازی عارزت دەرخەی لە ژێر چارشێوی ڕەش
|
بەفری کوێستانی چ جلوە تەرزە لوکەی تەڕ چییە؟
|
وەختێ عاشق مەستی دەردی دڵ ئەبێ باکی نییە
|
تازە بەدگۆیی ڕەقیب و فتنەیی بێ گەڕ چییە؟
|
قانعی گەر بێ جەماڵی دڵبەری خۆی دەس کەوێ
|
پووڵە سوورەی بێ ڕەواج و درهەمی بێ زەڕ چییە؟
|