ئەلەم ژوورە (گەزۆ) هاوین ئەبارێ
|
ئەلەم خوارە بەشەو (قەتران) ئەبارێ
|
لە بەرزایی و چیایی خاکی کوردان
|
سەراسەر کانییە و ئاوە بەجارێ
|
لە نزمایی و نشێوی خاکی تاتان
|
دەسووتێی و دەخنکێی بچیە لاڕێ
|
لە هەردە و دەشت و شاخ و شیوی ئێمە
|
هەموو فەسڵێ دەبینی نەوبەهارێ
|
لە دەشتی وشک و گەرمی بێ درەختیان
|
نییە باغێ، نەبێستانێ، نەدارێ
|
سەراسەر موڵکی کوردستانە ئاوا
|
لە بەینی چەند دێیێکی کۆنە شارێ
|
هەبێ لەو خوارە شار و باغ و بێستان
|
بەبەرماوە و دەساوی کورد ئەپاڕێ
|
نییە بستێ زەوی لەو ژوورە بێ کەڵک
|
زەوی لەم خوارە زیخە و، خۆڵ ئەبارێ
|
شنەی بایی بەیانی سەرکەلی ژوور
|
کزەی مردوو ئەکا زیندوو بەجارێ
|
گڕەی سامی کوشندەی گەرمی لای خوار
|
لە جێدا دەس بەجێ گیانی ئەتارێ
|
کەچی لات و هەژارن، خەڵکی لای ژوور
|
هەموویان دەوڵەمەندن خەڵکی خوارێ
|
هەموو کۆمەڵ ئەکەن، هۆگر ئەبن (تات)
|
هەچی کوردە لەیەک لالووت و لاڕێ
|
ئەوان خۆیان دیاری کرد لە عالەم
|
گەلی کوردیش لە دووی عالەم ئەکاڕێ
|
سەرم ماسیوە لەم کارە برا گەل
|
ئەدیبێکم دەوێ، هۆشەنگێ، یارێ
|
جوابێکم بدا چیبێ ئەسەل وا
|
ئەمان وان و، ئەوان وا تێنواڕێ
|
ئەسیری تێک چووە لەم کارە هۆشی
|
نەما بیری بدا داکو قەرارێ
|